zagros news agency

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق هاوردەکردنی 44 بەرهەم و بەروبوومی کشتوکاڵی و ئاژەڵی قەدەغه کرد

 

ئەمڕۆ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بۆ پاڵپشتی له بەرهەمی ناوخۆ قەدەغەکردنی هاوردەکردنی 44 بەرهەمی کشتوکاڵی و ئاژەڵی راگەیاند.

مەهدی جبوری، یاریدەدەری ئەمینداری وەزارەتی کشتوکاڵ راگەیاند: “لە چوارچێوەی ستراتیژی وەزارەت بۆ پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی و لەڕێگەی ساڵنامەی کشتوکاڵییەوە هاوردەکردنی 44 بەرهەمی کشتوکاڵی و ئاژەڵ هەروەها بەروبوومی کشتوکاڵی قەدەغە کراوە، ئەمەش بەهۆی زۆری بەرهەمی ناوخۆیی و سەقامگیری نرخەکان لە بازاڕە ناوخۆییەکاندا”. ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەم سیاسەتە لەلایەن وەزارەتەوە پەیڕەو دەکرێت بۆ پشتگیریکردنی بەرهەمی ناوخۆیی لەڕێگەی هاوسەنگکردنی بەرهەمی ناوخۆیی لەگەڵ تێچووی بەرهەمهێنان، دڵنیابوون لە رێژەی قازانج بۆ بەرهەمهێنەران و سەقامگیرکردنی نرخەکان بۆ بەکارهێنەران”.

ئاماژەی بە “پێویستی توندکردنی چاودێریی دەروازە سنوورییەکان بۆ رێگری لە قاچاخی کاڵاکان بۆ ناو عێراق و جێبەجێکردنی بڕیارەکان بۆ پاراستنی بەرهەمە ناوخۆییەکان” کرد. روونیشیکردەوە، “سەرەڕای کەمی ئاو و وشکەساڵی، کەرتی کشتوکاڵ و جووتیاران بەرەو بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیای ئاودێری هاوچەرخ هەنگاو دەنێت، لەوانەش سیستەمی ئاودێری جێگیر و دڵۆپەیی، بۆ بەرهەمهێنانی بەروبووم و سەوزە”.

راشیگەیاند، “ئەمە هانی جووتیارانی داوە بۆ وەرگرتنی ئەم تەکنەلۆژیایانە، لەلایەک، هەروەها لەلایەکی دیکەوه بەرهەمی ناوخۆیی زیادکردووە. ئەمەش پێویستی بە هاندانی هەناردەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییە زیادەکان هەبووە بۆ پاراستنی ئەو زیادەی دابینکردنەی کە لەناوخۆدا بەرهەمدەهێنرێت، دڵنیابوون لەوەی کە کاریگەری لەسەر نرخەکان نابێت. ”

روونیشیکردەوە، “باجی گومرگی بۆ زۆربەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان دادەنرێت بۆ پاراستنی نرخی ئەو بەرهەمانە بە بەراورد بە تێچووی بەرهەمە ناوخۆییەکان، بەمەش دادپەروەری لە کێبڕکێی نرخ لەنێوان بەرهەمهێنەرانی ناوخۆیی و بەرهەمە هاوردەکراوەکاندا بەدەستدەهێنرێت، بەمەش دڵنیا دەبێتەوە لەوەی کێبڕکێ لەسەر بنەمای کوالێتی ئەو بەرهەمانە دەبێت”.

هەواڵی پەیوەندیدار

کۆمپانیای Telegram ئەپەکەی نوێ کردەوە

یاسین

راوێژکاری سوودانی: جەنگی فنزوێلا بازاڕی نەوت دەخاتە مەترسییەکی گەورەوە

سەڵاح

هەواڵێكی گرنگ بۆ ئەوانە راگەیاندرا كە (هەژماری من)یان لە بانكێك هەیە و دەیانەوێ ئۆتۆمبێل بە قیست وەربگرن

سەڵاح