zagros news agency

بەرپرسێکی ئیسرائیلی: گفتوگۆکان لەگەڵ سووریا بەردەوامن و نزیک دەبنەوە لە قۆناغەکانی کۆتایی

سەرەڕای هەڵسەنگاندنە وریایەکانی ڕۆژانی ڕابردوو، سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند گفتوگۆکانی نێوان ئیسرائیل و سووریا بەردەوامن و نزیک دەبنەوە لە قۆناغەکانی کۆتایی. ئەم سەرچاوەیە ئاشکرای کرد ئیسرائیل ئەمریکا و لایەنی سووریای ئاگادار کردووەتەوە کە پشتگیری لە هیچ بانگەوازێکی جیابوونەوە لە سووریا ناکات.
ئەم سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشدا دوای ناڕەزایەتییەکانی حکومەتی ئەمریکا لەسەر ئاژاوەگێڕییەکانی ئەم دواییەی سوەیدا، ئیسرائیل واشنتۆنی دڵنیا کردووەتەوە کە پشتگیری لە هیچ کەسایەتییەک لە پارێزگای سوەیدا ناکات، لەوانەش حیکمەت ئەلهەجری، سەرۆکی بەشێک لە درووزییەکان.
هەروەها ڕوونیشی کردەوە بیرۆکەی دروستکردنی ڕێڕەوێکی مرۆیی لە ئیسرائیلەوە بۆ سوەیدا لە ئارادا نییە و جەختی کردەوە: “بەپێی پلانەکەی ئەمریکا، ڕێڕەوی گەیاندنی یارمەتییەکان لە دیمەشقەوە دەبێت.”
بەرپرسە ئیسرائیلییەکە لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا: “ئەم ڕێککەوتنەی لە ئێستادا لە قۆناغی دروستبووندایە، بە چەند گۆڕانکارییەکی کەم و ئامادەبوونی هاوبەشی ئیسرائیلی، سووری و ئەمریکی لە هەندێک خاڵدا، لەوانەش جەبەل شێخ، هاوشێوەی ڕێککەوتنەکەی ساڵی 1974یە.”
ئەو ڕوونیشی کردەوە حکومەتی سووریا بە واشنتۆنی بەڵێن داوە کە هیچ زیانێک بە کۆمەڵگەی درووزییەکان نەگەیەنێت و پارێزگای سوەیدا لە ڕووی دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکان، خزمەتگوزارییە کارگێڕییەکان و دانی مووچەی فەرمانبەرانەوە بگرێتە ئەستۆ.
لە بەرانبەردا، واشنتۆن تەلئەبیبی ئاگادار کردووەتەوە کە دۆسیەی باشووری سووریا و پەیوەندییەکانی لەگەڵ دیمەشق پێش دەستپێکی ساڵی نوێی زایینی یەکلایی بکاتەوە.
لە کۆتاییدا، سەرچاوە ئیسرائیلییەکە گوتی ڕێککەوتن لەسەر دروستکردنی “لێژنەیەکی ئەمنیی هاوبەشی سووری-ئەمریکی-ئیسرائیلی” کراوە بۆ چاودێریکردن و هەماهەنگیکردنی هەموو گۆڕانکارییەکان لەسەر سنووری نێوان هەردوو وڵات.

هەواڵی پەیوەندیدار

نەیشینزلیگ.. خشتەی یارییەکانی ئەمشەو یەکشەممە

یاسین

زانیاری نوێ لەبارەی دابەشکردنی زەوی دەخرێتەروو

یاسین

پەرلەمان داوا لە حکومەت دەکات کارکردن بە پێناسەی گومرگی بۆ ماوەی ٩٠ ڕۆژ ڕابگرێت

یاسین