نەوزاد سابیر
قوتابی دکتۆرا لە یاسا
دەمێکە پێکهاتەی عەرەب لە عێراق ویستی هەموارکردنەوەی دەستووری هەمیشەیی عێراقی فیدراڵیی هەیە وە ماڵی شیعە لەم بابەتەدا پێداگیرترن ، وە جاروباریش سیاسیەکان و یاساناسەکانی نزیک لە ماڵی شیعی ئەو بابەتە لە ڕاگەیاندن و میدیاکاندا دەجووڵێنن. نووسینەوە و داڕشتنی ڕەشنووسی دەستووری هەمیشەیی عێراق لە هەلومەرجێکدا بووە کە هاوسەنگیی هێز ئەو کات بە لای شیعەدا نەبووە، بەڵکوو هاوسەنگیی هێز و دەسەڵات دابەش ببوو بەسەر تەواوی پێکهاتەکانی گەلی عێراقدا.
داڕشتن و نووسینەوەی دەستوور لەو زەمەنەدا بە سازان و تەوافوقی تەواوی هێز و لایەنەکان و پێکهاتەکانی عێراق بوو، سەرەڕای نێوەندگیریی ئەمەریکا و سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی حاکمی مەدەنیی ئەو کاتی ئەمەریکا لە عێراق بۆ نووسینەوەی دەستوور. بۆیە لە دەرەنجامدا دەستوور لە ڕەشنووسەوە بوو بە دەستووری هەمیشەیی عێراق و داواکاریی لایەنەکان و تەواوی مافەکانی پێکهاتەکانی عێراقی تێدا جێگیر کرا.
کورد وەک پێکهاتەیەکی سەرەکی لە عێراق، بەشدار بوو لە نووسینەوەی دەستوور و جێگیرکردنی ماف و دەسەڵاتەکانی، هەروەک لە بڕگەی یەکەمی ماددەی (١١٧)دا ئاماژەی پێ کراوە کە: (ئەم دەستوورە لە کاتی جێبەجێبوونیدا هەرێمی کوردستان بە گشت دەسەڵاتەکانییەوە وەک هەرێمێکی فیدراڵی دەناسێنێت). جێگیرکردنی هەرێمی کوردستان و پەیڕەوکردنی دەسەڵاتەکانی وەک هەرێمێکی فیدراڵی، چەسپاندنی دەسەڵاتەکانی هەرێم بۆ مومارەسەکردنی پسپۆڕێتی و بەڕێوەبردنی هەرێم، هەروەها جێگیرکردنی بە چەند ماددەیەک لە دەستووردا هەر لە چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی دەروازە گومرگی و سنوورییەکان، سامانە سروشتییەکانی نەوت و غاز و ناساندنی هێزی پێشمەرگە وەک هێزێکی نیزامی و فەرمی؛ بۆ خۆی دەستکەوتێکی گەورە بوو بۆ کورد و زامنی مافەکانی گەلی کورد بوو لە چوارچێوەی دەستوورێکی هەمیشەیی لە دەوڵەتێکی فیدڕالیدا، بێگومان ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆڵی سەرکردایەتیی کورد لەو کاتەدا کە یەکدەنگ و یەکهەڵوێست بوون لە پرسە چارەنووسساز و نیشتمانییەکاندا وە هەروەها ڕۆلی گرنگی جەنابی (سەرۆک بارزانی) لە پێداگیری و چەسپاندنی مافەکانی کورد لەم دەستووردا، هەروەها بوونی چەند کەسایەتیەکی سیاسی کورد و شارەزای بواری دەستوور و یاسا لە لێژنەی نووسینەوەی ڕەشنووسی دەستووردا ڕۆڵی گرنگیان هەبوو.
بە جێگیربوونی ئەو ماف و دەسەڵاتانەی هەرێم لە دەستووری عێراقدا، هیچ بیانوویەکی بۆ هیچ هێز و لایەنێکی سیاسی و حکوومەتی ناوەند نەهێشتووەتەوە بۆ ئەوەی ئامراز و مراز و مەرامەکانیان بەرامبەر بە کورد و قەوارەی هەرێم ئەنجام بدەن. بۆیە دەمێکە کابینە و حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی ناوەند لە بەغدا بە دوای بیانووی تردا دەگەڕێن و بە شێوەیەک تەفسیر و لێکدانەوە بۆ بەشێک لە ماددە پەیوەندیدارەکانی پەیوەست بە هەرێم لە دەستووردا دەکەن کە هاوتای دەکەن لەگەڵ مەبەست و مەرامەکانیان بەرامبەر بە کورد و هەرێمی کوردستان. بەو جۆرە لێکدانەوە و تەفسیرانەیان ڕێگەیان بە خۆیان داوە لە بابەتی دارایی و سامانی سروشتی و دەروازە گومرگی و سنوورییەکاندا پێشێلی دەستوور بکەن و گیر و گرفت بۆ هەرێم دروست بکەن؛ بە بەڵگەی ئەوەی هیچ کابینەیەکی حکوومەتی ناوەند نەبووە ئەو جۆرە لەمپەر و گیر و گرفتانە نەخاتە بەردەم هەرێمی کوردستان.
فشار و هەوڵەکانیان لە چوارچێوەی بەکارهێنان و سەپاندنی دەسەڵاتدایە نەک پەیڕەوکردنی یاسا و دەستوور، بۆیە هەمیشە دەستوور بووەتە ڕێگر لە بەردەم هەوڵ و فشارەکانیان بۆ سەر هەرێم، چونکە فشار و هەوڵەکانیان بە پێشێلکردنی دەستووری عێراقە. هەر بۆیە نەیانتوانیوە ئامانجەکانیان وەک پێویست بپێکن و دەستوور ڕێگر بووە لەبەردەمیاندا. بۆیە ئێستا بە جۆرێکی تر و بە ڕێگایەکی جیاواز بیانوو بە هەرێمی کوردستان دەگرن، کە ئەویش پەنابردنە بۆ دەستوور بە لێکدانەوە و تەفسیرکردنی جیاواز بۆ ماددەکانی نێو دەستوور و بەکارهێنانی دامەزراوەی دادوەریی عێراقی لە بەرژەوەندیی خۆیاندا. کەواتە ئەو فشارانەی لە ئێستادا هەن لە لایەن حکوومەتی ناوەند لە بەغدا بۆ سەر هەرێمی کوردستان و بیانووگرتن و تۆمەتخستنە پاڵ هەرێم بە پێشێلکردنی دەستوور، هەموو ئەو فشار و هەوڵانە بۆ سنووردارکردن و بچووککردنەوەی هەرێمە. لە لایەکی تریشەوە هەوڵ و فشارن بۆ گۆڕانکاری لە سیستەمی حوکمڕانی لە عێراق، کە سیستەمی بەڕێوەبردن و حوکمڕانی بەپێی ماددەی (یەکەم)ی دەستوور لە عێراق (کۆماری پەرلەمانی)یە؛ دەسەڵاتەکان تێیدا بە شێوەی هاوبەش دابەش کراون لە نێوان پەرلەمان و دەسەڵاتی جێبەجێکردندا، بە واتایەکی تر، بەشداریی تەواوی پێکهاتە و هێز و لایەنە سیاسییەکانی عێراقە لە بەڕێوەبردنی حوکمڕانیی عێراق لە ڕێگەی نوێنەرەکانیان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق. لە ئێستادا چەند هەوڵێک هەن بۆ ئەوەی سیستەمی حوکمڕانی لە عێراق بگۆڕدرێت بۆ (کۆماری) بە بیانووی بەهێزکردنی دەسەڵاتی جێبەجێکردن، سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری لە عێراق کارەکتەری سەرەکیی ئەو کارانەیە و ماوەیەک لەمەوبەر دەربارەی گۆڕینی سیستەمی حوکمڕانی لە عێراق، سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری لەگەڵ باڵیۆزی عێراق گەنگەشەی ئەو بابەتەیان کردووە و لەم گفتوگۆیەدا سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری ڕاشکاوانە باسی گۆڕینی سیستەمی حوکمڕانیی عێراقی کردووە وە بە سیستەمێکی بەسەرچوو و فاشیل ناوی بردووە. بۆ گۆڕینی جۆری سیستەمی حوکمڕانیش، دەبێت دەستوور هەموار بکرێتەوە بە هەموارکردنەوەی ماددەی (یەکەم)ی دەستووری عێراق.
هەر هەموارکردنەوەیەک لە دەستوور یاخود هەموارکردن لە بەشێک لە ماددەکانی دەستوور، بە دڵنیایییەوە مەترسییەکی گەورەیە لەسەر ئاییندەی عێراق و لە بەرژەوەندیی کورد و هەرێمی کوردستاندا نابێت، هەروەها سەپاندنی هەژموونی پێکهاتەیەکی دیارکراوە بەسەر تەواوی پێکهاتەکانی تری عێراق.

