وەزارەتی ناوخۆی عێراق وردەکاری پلانی ئەمنیی تایبەت بە هەڵبژاردنی راگەیاند، لەگەڵ ئەوەشدا جەختی کردەوە کە قەدەغەی هاتوچۆی گشتی یان بەشەکی لە کاتی هەڵبژاردندا نابێت و بڕیارەکە بۆ لێژنەی باڵا جێدەهێڵرێت.
عەمید میقداد میری، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و راگەیاندن لە وەزارەتی ناوخۆ، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: “تەواوی رێکارەکانی تایبەت بە دابینکردنی ئاسایشی پڕۆسەی هەڵبژاردن کۆتاییان هاتووە.”
میری ڕوونی کردەوە: “ژمارەی ئەو ئەفسەرانەی کە بەشداری دابینکردنی ئاسایشی ناوەندەکانی هەڵبژاردن دەکەن 9932 ئەفسەرن، لە کاتێکدا کۆی ژمارەی کارمەندانی بەشداربوو لە دابینکردنی ئاسایشی پڕۆسەی هەڵبژاردن 185162 کارمەند دەبێت. له رۆژی هەڵبژاردن ئامادەباشیی (ج) لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ناوخۆوە دەگیرێتەبەر.”
میری ئەوەشی خستەڕوو: “وەزارەتی ناوخۆ هیچ سەرپێچییەکی تۆمار نەکردووە کە ئارامی پڕۆسەی هەڵبژاردن تێک دابێت.”

