بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر، ئەمڕۆ یەکشەممە، 30ـ11-2025، ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، ئەنجام دانی گرێبەستی ئەلیکترۆنی لە کاتی مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل، کارێکی باش لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ بڕیاری لەسەر درا، ئەمەش بۆ زامن کردنی مافی یاسایی کریار و فرۆشیارە.
ئاماژەی بەوەشدا، لەکاتی مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل کە ئەم ئەرکە بەکەس و لایەنی شارەزاو تایبەت مەند سپێردرا بۆ ئەنجام دانی ئەم گرێبەستە .
لە ڕوونکردنەوەکەی هاتووچۆی هەولێردا هاتووە، هەندێک کەس ئەم هەنگاوەیان قۆستەوە بۆ بەرژەوندی ماددی خۆیان، کە ئەم گرێبەستە بۆ کریار و فرۆشیاران لەناو کابینە یان لەناو ئۆتۆمبێل لە سەرشەقامەکان ئەنجامدەدەن، هەندێک کەسیش چاو ساغی و دەلالیان بۆ دەکەن، بەمەش هەم سیمایەکی ناشارستانیە و هەم ئیستغلالی هاووڵاتیان دەکرێت.
هاتووچۆی هەولێر باسی لەوەشکردووە، کەسانێکی ناشارەزا گرێبەستە ئەلیکترۆنییەکەیان بۆ هاووڵاتیان ئەنجام دەدا، کە لەکاتی پڕکردنەوەیدا زۆرترین هەڵەیان دەکرد، لە ئەنجامدا هاووڵاتی تووشی کێشە دەبوو و دەبوایە گرێبەستەکە هەڵبەوەشێنێتەوە دووبارە گرێبەستێکی دیکە بکاتەوە، بەمەش کاتێکی زۆریان بەفێڕو دەچوو و زیانی ماددیشیان پێدەگەیشت.
ئاماژەی بەوەشدا، لەبەر ئەم هۆکارانە بەڕێوەبەرایەتیەکەمان بۆ دووبارە ڕێکخستنەوەی گرێبەستی ئەلیکترۆنی بڕیاری داوە ئەم گرێبەستە لەدوای کاتژمێر 2:00ـی دوای نیوەڕۆ کارا بکرێت بۆ ڕێگە گرتن لەو گرفتانەی ڕوویان دەدا، داواش لەهاووڵاتیان دەکەین کە گرێبەستی ئەلیکترۆنی لە شوێنە تایبەت مەندەکان و لای کەسانی شارەزا ئەنجام بدەن.

