zagros news agency

رۆژنامەی ئەلمەدا: سێ ئاستەنگ لە بەردەم عەلی زەیدی ماوە

 

لە كاتێكدا نیوەی وادەی دەستووری بۆ راگەیاندنی حكوومەتەكەی تێپەڕاندووە، سێ ئاستەنگ وا دەكەن كە عەلی زەیدی لە پێكهێنانی حكوومەتەكەی و بەدەستهێنانی متمانەی پەرلەمانی عێراق دوا بكەوێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە 13ی ئایاری 2026، پەرلەمانی عێراق بە فەرمی رایگەیاند، كە سبەی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان بە كابینەكەی عەلی زەیدی بەڕێوە دەچێت.

هەر ئەمڕۆ، رۆژنامەی (المدی)ی عێراقی راپۆرتێكی بڵاو كردووەتەوە و ئاماژەی بەوە داوە كە ئەو سێ ئاستەنگە ناوخۆیی و دەرەكین، ئەوانیش بریتین لە:

یەكەم: ململانێ لەسەر دەسەڵات، بە تایبەتیش لە نێوماڵی شیعەدا، بەو پێیەی چوارچێوەی هەماهەنگی نزیکەی 12 وەزارەتی لە حکوومەتی ئایندەی عێراقدا بەر دەكەوێت و ئەگەر هەیە بۆ 13 وەزارەتیش بەرز ببێتەوە، ئەمەش لە کۆی 22 وەزارەت، بەم جۆرەش باس لەوە دەكرێت كە هاوپەیمانیی (ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان) بە سەرۆکایەتیی محەمەد شیاع سوودانی و هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسای نووری مالیکی هەریەکەیان سێ وەزارەت وەربگرن، هەروەها هەریەك لە ڕەوتی حیکمە و عەسائیب ئەهلی حەق و ڕێکخراوی بەدر یەكەی دوو وەزارەت وەربگرن، بەڵام تیمی سوودانی ئەم شێوازە رەت دەكەنەوە و خۆیان بە گەورەترین كوتلەی عەرەبە شیعەكان ناو دەبەن، ئەمە جگە لەوەی كێشە لەسەر ئەو وەزارەتانەش هەیە كە هەر یەكێك لەو گرووپانە داوای دەكەن. هەروەها چەندان كێشەی دیكەش لە بابەتی دووبارە دانانەوەی هەندێك لە وەزیرانی پێشوو، پشكی میلیشیاكان و زۆر كێشەی دیكە لە نێویاندا هەیە.

دووەم: ئەمەریكا فشارێكی گەورەی خستووەتە سەر عەلی زەیدی بۆ ئەوەی ڕێگە نەدرێت هیچ میلیشیایەك لە حكوومەتی داهاتووی عێراقدا پێگەیەكی ئەوتۆی هەبێت. ڕۆژنامەكە دەڵێت كە ئەمەریكا شەش فراكسیۆنی نزیك لە میلیشیاكانی (حزبوڵا، نوجەبا، سەید ئەلشوهەدا و ئەنساڕوڵا)ی قەدەغە كردووە لەوەی لە حكوومەتی داهاتووی عێراقدا پێگەیان پێ بدرێت و گومانیش دەكرێت ژمارەكە زیاتر ببێت. تەنانەت ئەگەر یەك كەسی سەر بەو میلیشیایانە بكرێنە وەزیر، ئەوا ڕەنگە پاڵ بە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپەوە بنێت بۆ بایکۆتکردنی حکوومەت و سەپاندنی سزای ئابووری بەسەر عێراقدا، هەروەك ڕۆژنامەكە ئاماژەی پێ داوە.

سێیەم: ڕۆژنامەكە باسی لەوە كردووە كە ئێران بە هەموو شێوەیەك هەوڵ دەدات كە هەژموونی خۆی بەسەر حكوومەتی داهاتووی عێراقدا بهێڵێتەوە، وەك چۆن بەسەر هەموو حكوومەتەكانی پێشووی عێراق لە دوای 2003 تا ئەمڕۆ هەیبووە، بۆیە عەلی زەیدی هەرچەندە بیەوێ بەربەستی دووەمیش نەهێڵێت و ئەمەریكا ڕازی بكات، دواتر تووشی ئاستەنگی سێیەم دەبێت كە بریتییە لە فشارەكانی ئێران بۆ رازیكردنی میلیشیاكان و هێشتنەوەیان لە دەسەڵاتەكانی عێراقدا.

هەواڵی پەیوەندیدار

وەزارەتى خوێندنى باڵا بڕیارێك بۆ ئه‌و قوتابیانه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵاتن ده‌رده‌كات

سەڵاح

کۆمسیۆن ڕێژەی بەشداریی دەنگدانی گشتی تا نیوەڕۆ بڵاوکردەوە

یاسین

شوان زراری : مەسرور بارزانی بەكردار سەلماندی بنیاتنانی ژێرخانی ئابووری تەنها دروشم نیە

گوران