لیۆنێل میسی یاریزانی ئینتەر میامی بەردەوامە لە نوسینەوەی مێژوو، لە دوایین دەستکەوتیش سەرکردایەتی یانەکەی کرد بۆ بردنەوەی نازناوی خولی ئەمریکا و ژمارەی نازناوەکانی لە مێژووی خۆیدا بۆ 48 نازناو بەرزکردەوە.
ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە دوای تەنیا حەوت ساڵ لە دامەزراندنی یانەکە، یەکەم نازناوی خولی ئەمریکای بۆ ئینتەر میامی بەدەستهێنا، ئینتەر میامی پاڵەوانی رۆژهەڵات و رۆژئاوای ئەمریکایە و یەکەم یانەیە لە یەک وەرزی خولەکەدا 101 گۆڵ تۆماربکات بە درێژایی مێژوو.
میسی تەمەن 38 ساڵ، بە تۆمارکردنی 77 گۆڵ و 44 ئەسیست، گۆڵکار و گۆڵدروستکاری مێژوویی یانەی ئینتەر میامییە، ئەم ژمارەیە بە کەمتر لە سێ ساڵ بەدەستیهێنا.
مێسی دوای بەدەستهێنانی نازناوەکە وتی: ئێمە لە سەرەتاوە بەرپرسیارێتیمان هەڵگرت، خاوەنی یاریزانانین کە دەتوانن یارییەکان یەکلایی بکەنەوە و شێوازی یاریکردنمان زۆر باش بوو.
وتیشی: زۆر دڵخۆشم بە بردنەوەی ئەم نازناوە، ویستم بە باشترین شێوە ماڵئاوایی لە بۆسکێتس و ئەلبا بکەم، بەڵام ئەم نازناوە بۆمن بەس نییە و ساڵی داهاتوو دەمەوێت نازناوی زیاتر ببمەوە.

