وەزارەتی دەرەوەی چین نیگەرانیی خۆی له بارەی تێکچوونی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەربڕی و داوای له کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد ڕۆڵێکی بنیاتنەر بگێڕێت بۆچارەکردنی دۆخی ناوچەکە.
لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی دەرەوەی چین بڵاوی کردەوە، “چین نیگەرانە لە پەرەسەندنی دۆخی ئێستەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات ئارام بگرن و دان بە خۆیاندا بگرن، لە هەڵکشانی زیاتری گرژییەکان خۆیان بەدوور بگرن”.
لە بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتووە: “چین داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەتایبەت وڵاتانی کاریگەر دەکات کە ڕۆڵێکی بنیاتنەر بگێڕن لە دەستەبەرکردنی ئاشتی و سەقامگیریی لە ناوچەکەدا.”
سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند کە “ئۆپەراسیۆنێکیان بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک کردووە وەک کاردانەوە بەرامبەر بە تاوانی ئیسرائیل بۆ بۆردومانی کونسوڵخانەی ئێران لە سوریا”.
پنتاگۆن پێشتر ڕایگەیاندبوو کە پاڵپشتی ئیسرائیل دەکات و نوێنەری ئێرانیش لە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی، “ئەوەی ڕوودەدات بە ململانێی نێوان تاران و تەلئەڤیڤە و داوای لە واشنتن کرد دەستوەردان لەو وڵاتە نەکات.”
ئا:ج