سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار، ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند، چوارچێوەی هەماهەنگی ئەمشەو کۆبوونەوەیەک ئەنجام دەدات بە مەبەستی یەکخستنی هەڵوێستی سەبارەت بە کاندیدی پۆستی سەرۆک کۆمار.
سەرچاوەکە بە ئاژانسی (شەفەق نیوز)ی ڕاگەیاندووە: “چوارچێوەی هەماهەنگی، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، کۆبوونەوەیەکی گرنگ لە بارەگای پارتی (النهج الوطني) ئەنجام دەدات بۆ تاوتێکردنی دۆسیەی سەرۆکایەتی کۆمار و تاوتێکردنی ئەو بژاردانەی لەبەردەستن، وەک ئامادەکارییەک بۆ گەیشتن بە بڕیارێکی کۆتایی و یەکگرتوو سەبارەت بەوەی کێ کاندید دەکرێت بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە.”
ئاماژەی بەوەش کردووە: “کۆبوونەوەکە دوای چەندین هەوڵ و پەیوەندی هێزە سیاسییەکان دێت بە ئامانجی یەکخستنی ڕیزەکانی لایەنە سیاسییە کوردییەکان و گەیشتن بە کاندیدێکی تاک بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، بە شێوەیەک کە لەگەڵ پێداویستییەکانی قۆناغەکە و هاوسەنگییە دەستووری و سیاسییەکاندا بگونجێت.”
جێی ئاماژەیە، فەرمانگەی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە خشتەی کارەکانی دانیشتنی هەشتەمی بڵاوکردەوە کە بڕیارە ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو ڕێکەوتی ٢٧ی کانوونی دووەم/یەنایەر بەڕێوەبچێت، کە تەنها یەک بڕگە لەخۆ دەگرێت ئەویش “هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار”ە و کاتژمێر ١١ی پێشنیوەڕۆ دەست پێ دەکات.
هەواڵی داهاتوو

