zagros news agency

“فارس عيسا” له‌ گه‌ڵ شاندێكى باڵيۆزخانه‌ى ئه‌مريكا له‌ به‌غدا كۆده‌بێته‌وه‌

بەڕێز “فارس عیسا” سه‌رۆكى نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، ئەمڕۆ سێشەممە 10ی شوباتی 2026،له‌ نووسينگه‌ى تايبه‌تى خۆيدا، لەگەڵ شاندێکی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، كه‌ پێكهاتبوو له‌ به‌ڕێزان “کریس دیلۆرس” سه‌رۆكى به‌شى سیاسی باڵيۆزخانه‌كه و “ديفيد لويس” يه‌كێك له‌ به‌رپرسانى به‌شى سياسى،‌ كۆبوويه‌وه‌.

لە میانی کۆبوونەوەکەدا، پێداچوونەوەیان بە دۆخی ئێستای ناوچه‌كه‌ و کاردانەوەکانی لەسەر عێراق کرد، هەروەها ئەو هەوڵانەی کە لە ئارادایە، بۆ پێکهێنانی هه‌ردوو حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان، بەگوێرەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان.

له‌ به‌شێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، تاوتوێی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدایان کرد، و جەختیان لە سەر پێویستی چارەسەرکردنیان لە چوارچێوەى دەستوری و یاسادا کردەوە.

هه‌ردوولا هيوايان خواست، که په‌يوه‌ندييه‌كانى نێوان ئه‌مريكا و عێراق و هه‌رێمى کوردستان، پاش پێکهێنانی حكوومه‌تى نوێ، شاهیدی پێشكه‌وتنى زیاتر بن، بۆ بته‌وكردنى ئاسایش و سه‌قامگيرى و پاڵپشتیکردنی پرۆسه‌ى گه‌شه‌پێدانى عێراق.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا گرنگی بەردەوامبوون و بەهێزکردنی هاوکاری و هەماهەنگی هاوبەشی ئەمنی، بەتایبەتی لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا دووپاتکردەوە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ئەمنییەکان لە عێراق و ناوچەکەدا.

هەواڵی پەیوەندیدار

پارێزگاری هەولێر، نۆژەنکردنەوەی یاریگای نێودەوڵەتی ” شەهید فەرەنسۆ هەریری” بەسەرکردەوە

یاسین

چوارشەممە دەبێتە پشوو

سەڵاح

پەیامێک لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە بۆنەی کۆتایی هاتنی پرۆسەی دەنگدان بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان

یاسین