zagros news agency

ئوردن بە پشتیوانیكردنی كوێت، عێراقیەكان تووڕە دەكات

 

ئوردن بە فەرمی پشتیوانیی خۆی بۆ كوێت راگەیاند، لە بەرامبەر ئەو نەخشە و داتایانەی كە عێراق لە نەتەوە یەكگرتووەكان لەبارەی ناوچە دەریاییەكانی نێوان عێراق و كوێت دایناوە، ئەمەش عێراقییەكان تووڕە دەكات.

گوتەبێژی فەرمیی وەزارەتی دەرەوە و كاروباری بیانییەكان لە ئوردن راگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە و تێیدا پاڵپشتیی تەواوی ئوردنی بۆ سەروەریی دەوڵەتی كوێت لەسەر هەموو خاكەكەی و ناوچە دەریاییەكان و یەكێتیی خاك و سەلامەتییەكەی دووپات كردەوە.

هەروەك جەختی لە گرنگیی زاڵبوونی زمانی گفتوگۆ و چارەسەری ململانێیەكان لەسەر بنەمای یاسای نێودەوڵەتی و ڕێزگرتن لە سیادەی وڵاتان و بنەمای دراوسێیەتیی باش كردەوە.

ئەم هەڵوێستەی ئوردن، لەنێو عێراقدا نیگەرانیی لێ كەوتووەتەوە، بە تایبەتیش كە عێراقییەكان چاوەڕێی ئەوە بوون بەهۆی ئەو چەند دۆلارەی لە نرخی نەوتدا داشكانیان بۆ ئوردن كردووە، لەم دۆخەدا ئوردن پشتیوانیی لە عێراق بكات.

لەم چوارچێوەیەدا، نەبیل مەرسوومی، ئابووریناسی عێراقی، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردەوە: ”پاش ئەوەی ئوردن پاڵپشتیی تەواوی خۆی بۆ كوێت دەربڕی دژی داخوازییەكانی عێراق ەبارەی مافە دەریاییەكان، پێویستە حكوومەتی عێراق وەڵامی بداتەوە و داهاتی نانەوتیی خۆی زیاد بكات و ئەو تایبەتمەندییانە هەڵبوەشێنێتەوە كە لەسەر كاڵای هاوردەكراوی ئوردنی بۆ عێراق هەیە و سەرلەنوێ پێناسی گومرگییان بخاتەوە سەر.“

جەختیشی كردووەتەوە كە پێویستە عێراق ئەو داشكانەی كە بۆ ئوردن كردوویەتی و بڕەكەی ١٦ دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێك نەوتی خاوی عێراقی هەناردەكراو بۆ ئوردن، هەڵبوەشێنێتەوە.

جێی باسە لەم دواییانە، عێراق نەخشە و داتاكانی تایبەت بە سنوورە ئاوییەكەی خۆی لەگەڵ كوێت، رادەستی نەتەوە یەكگرتووەكان كرد كە تێیدا بەشێك لەو ناوچانە بە سنووری ئاویی عێراق داندراون كە كوێت بە سنووری خۆی دەزانێت، ئەمەش نیگەرانیی كوێتی لێ كەوتەوە و چەندان وڵاتی عەرەبیش پاڵپشتییان لە كوێت كرد.

هەواڵی پەیوەندیدار

مۆسکۆ وەڵامی نەتەوە یەکگرتووەکان دەداتەوە

یاسین

‎ڕێکخراوی ژینگەپارێزی جیهانی گرینپیس هۆشداری دەدات لە کارەساتێکی ژینگەیی لە دەریای سوور

گوران

وەزارەتی بەرگری تورکیا دەڵێت 13 چەکداری پەکەکە لەهەرێمی کوردستان کوژران

سەڵاح