zagros news agency

وەزیری تەندروستی زانیاری لەسەر پەتای خوێنبەربوون ئاشکرا دەکات ‎

 

‎​دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دوایین زانیاریی لەبارەی دۆخی تەندروستی، بەردەوامیی خزمەتگوزارییەکان لە ڕۆژانی پشوودا و مەترسییەکانی پەتای خوێنبەربوون (تای کۆنگۆ) بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن خستەڕوو.

‎​بەردەوامیی خزمەتگوزارییەکان بە شێوازی ٢٤ کاتژمێری

‎​وەزیری تەندروستی ڕایگەیاند کە سەرجەم دامودەزگا تەندروستییەکان، لەوانە نۆڕینگە دەرەکییەکان، بەشەکانی فریاکەوتن و نەخۆشخانە پسپۆڕییەکانی وەک (ئافرەتان، منداڵان، سەنتەرەکانی شێرپەنجە و بانکی خوێن) بە شێوازی ٢٤ کاتژمێری لە ئەرکدان بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان. هاوکتات ئاماژەی بەوەش کرد کە تیمەکانی هێڵی فریاکەوتنی ١٢٢ لە ئامادەباشی تەواودان بۆ وەڵامدانەوەی هەر حاڵەتێکی کتوپڕ.

‎​لە میانی بەسەرکردنەوەی نەخۆشخانەی لەدایکبوون و ئافرەتانی هەولێردا، وەزیری تەندروستی ئاماری ٢٤ کاتژمێری ڕابردووی نەخۆشخانەکەی ڕاگەیاند و گوتی:

‎​”لە شەو و ڕۆژێکی ڕابردوودا ٣٧ منداڵ لەدایکبوون، ٤٩ حاڵەتی داخڵبوون و زیاتر لە ١٨٠ سەردانیکەر هەبووە. ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە کە خزمەتگوزارییەکان تەنانەت لە کاتی جەژن و پشووەکانیشدا بەبێ وەستان بەردەوامن.”

‎​دوایین زانیاری لەسەر پەتای خوێنبەربوون (تای کۆنگۆ)

‎​سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی پەتای خوێنبەربوون، دکتۆر سامان بەرزنجی دڵنیایی دایە هاووڵاتییان کە تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی پشتڕاستکراوەی ناوخۆیی لە هەرێمی کوردستان تۆمار نەکراوە، تەنیا یەک حاڵەت نەبێت کە لە شارەکانی دیکەی عێراقەوە سەردانی سلێمانی کردبوو، ئەویش دوای وەرگرتنی چارەسەری پێویست بە تەواوی چاک بووەتەوە.

‎​لەگەڵ ئەوەشدا، وەزیر هۆشداریی دا و ڕایگەیاند: “بەهۆی ئەوەی ئێستا وەرزی بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایەیە، پێشبینی دەکەین حاڵەتی پۆزەتیڤ هەبێت، بۆیە تیمەکانمان گەڕان و چاودێرییەکانیان چڕکردووەتەوە.”

‎​ڕێنماییە گرنگەکانی وەزارەت بۆ هاووڵاتییان:

‎​دوورکەوتنەوە لە سەربڕینی ئاژەڵ لە ناوماڵ و شوێنە گشتی و نایاساییەکان.

‎​پەنابردن بۆ سەربڕخانە فەرمییەکان کە لەژێر چاودێری توندی ڤێتێرنەریدان.

‎​پەیڕەوکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزی کەسی لە کاتی مامەڵەکردن لەگەڵ گۆشت و ئاژەڵدا.

‎​هۆشیاربوون لە مەترسی نەخۆشخانەکە؛ چونکە ئەم پەتایە ڕێژەی مردنی زۆرە ئەگەر لە سەرەتاوە دەستنیشان نەکرێت.

‎​لە کۆتایی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، وەزیری تەندروستی سوپاس و پێزانینی ئاراستەی پزیشکان، پەرستاران و سەرجەم کارمەندانی تەندروستی کرد و بە “سەربازی ون” ناوی بردن، کە لە کاتی پشووەکندا دوور لە ماڵ و منداڵیان، ئەرکەکانیان بە ڕێکوپێکی بەڕێوەدەبەن و سەرقاڵی خزمەتکردنی هاووڵاتییانن.

هەواڵی پەیوەندیدار

د.كاروان سه‌باح هه‌ورامی بۆ زاگرۆس: ئه‌گه‌ر سه‌رۆكی حكوومه‌ت خەمخۆر و پشتیوانی پڕۆژەکە نه‌بوایه كاره‌كه‌ درێژه‌ی ده‌كێشا

سەڵاح

بارسێلۆنا بەنیازی گواستنەوەی ڕاشفۆردە

یاسین

نازدار “هەی زاڵم”ـی بڵاوکردەوە

ART