zagros news agency

سووریا و عێراق هۆشداریی لەبارەی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی ڕووباری فوڕات دەدەن ​

 

​وەزارەتی وزەی سووریا هۆشداریی دایە ئەو هاووڵاتییانەی لە نزیک ڕووباری فوڕات نیشتەجێن، کە لە کاتی بارانبارین و زیادبوونی بەردانەوەی ئاودا، بە تەواوی ئاگەدار بن و لە ڕێڕەوی ڕووبارەکە و ناوچە نزمەکان دوور بکەونەوە، ئەمەش لەپێناو پاراستنی گیان و مۆڵک و ماڵیان.

​مەترسیی لافاوی لەناکاو و ڕێنماییەکانی سەلامەتی

​ئوسامە ئەبو زەید، یاریدەدەری وەزیری وزەی سووریا بۆ کاروباری سەرچاوەکانی ئاو، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی فەرمیی “سانا” ڕایگەیاند کە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی ڕووباری فوڕات و خێرایی ڕۆیشتنی، ڕەنگە ببێتە هۆی دروستبوونی لافاوی لەناکاو و داڕمانی مەترسیداری زەوی. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم مەترسییە زیاتر ئەو ناوچانە دەگرێتەوە کە دەکەونە سەر لێوارەکانی ڕووبارەکە، دوورگە نێوەڕاستەکان، و ئەو شوێنانەی بۆ گەشتوگوزار، لەوەراندنی ئاژەڵ و کشتوکاڵ بەکاردێن.

​ئەبو زەید جەختی لەسەر پێویستی پابەندبوون بەم ڕێنماییانەی خوارەوە کردەوە:

​نزیکنەبوونەوە و دانەنیشتن لەناو جێگەی ڕووبارەکەدا لە کاتی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاودا.

​ڕێگریکردن لە منداڵان بۆ ئەوەی لە نزیک ڕێڕەوی ڕووبارەکە مەلە نەکەن و یاری نەکەن.

​دوورکەوتنەوە لە هەڵدانی خێوەت یان ئەنجامدانی چالاکی گەشتیاری لەسەر لێوارەکانی ڕووبارەکە لەم ماوەیەدا.

​هەوڵنەدان بۆ پەڕینەوە لەو ڕێگایانەی ئاو دایپۆشیون، هەرچەندە ئاستی ئاوەکە نزمیش دەربکەوێت.

​مەزەندەکردنی مەترسییەکان؛ پێویستە هاووڵاتییان بەردەوام چاودێری ئاگادارکردنەوە فەرمییەکان بکەن و لە کاتی بینینی هەر مەترسییەکدا دەستبەجێ لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادار بکەنەوە.

​لەلایەکی دیکەوە، هیسام بەکوور، بەڕێوەبەری گشتیی دامەزراوەی گشتیی بەنداوی فوڕات، دووپاتی کردەوە کە تیمەکانیان لە هاوئاهەنگی بەردەوامدان لەگەڵ هێزەکانی فریاکەوتن و لە ئامادەباشی تەواودان بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی هەر پێشهاتێک و ڕێکخستنی پرۆسەی بەڕەڵاکردنی ئاو بە باشترین شێوە.

​عێراق؛ قەدەغەکردنی مەلەکردن لە پارێزگای ئەنبار

​هاوکات لەسەر ئاستی عێراق، جەمال سەمیر عەبد، بەڕێوەبەری سەرچاوەکانی ئاو لە پارێزگای ئەنبار، هۆشداریی دایە هاووڵاتییان لە مەلەکردن لە ڕووباری فوڕات، بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە لە قەزای قائیمەوە تاوەکو شاری حەدیسە درێژدەبنەوە، ئەمەش بەهۆی تۆمارکردنی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو و زیادبوونی خێرایی ڕۆیشتنی.

​ئەم هۆشدارییانەی پارێزگای ئەنبار دوای ڕۆژێک دێت لەوەی کە وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق دەنگۆی تۆمارکردنی هەر جۆرە بەرزبوونەوەیەکی لەناکاوی لە ئاستی ئاوی ڕووباری فوڕات ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند کە ئەوان بەردەوامن لە چاودێرییە تەکنیکییەکان و بەڕێوەبردنی بەڕەڵاکردنی ئاو لە حەوزی ڕووبارەکەدا.

هەواڵی پەیوەندیدار

شوان زراری : سەرۆك بارزانی چەتر و مەرجەعی نەتەوەییە بۆ هەرچوار پارچەی كوردستان

گوران

ئەوروپا پارە بلۆککراوەکانی ڕووسیا ناداتەوە

سەڵاح

راگەیندراوێک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری

یاسین