ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکان لە گفتوگۆدان بۆ درێژکردنەوەی ڕاگرتنی ئاگرەکەیان، بە مەبەستی دەستپێکردنی دانوستاندن لەسەر چەند بابەتێکی گرنگ، لەوانەش بەرنامەی ناوکیی تاران. واشینگتۆن جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئێران نابێت توانای بەرهەمهێنانی چەکی ناوکی هەبێت.
هەرچەندە بەشێکی زۆری دامەزراوەکانی دەوڵەمەندکردنی یۆرانیۆمی ئێران لە مانگی حوزەیراندا بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکاوە وێران کراون یان زیانێکی گەورەیان پێگەیشتووە، بەڵام پێدەچێت بەشێکی زۆری یۆرانیۆمی دەوڵەمەندکراوی بەرز ئاستی ئێران هێشتا پارێزراو بێت.
بەپێی سەرچاوەکان، ئەم یۆرانیۆمە دەوڵەمەندکراوە بەرزئاستە گرنگترین خەڵاتەی ئێرانە لە دانوستاندنە ناوکییەکانی داهاتوو، و هەمان کات گەورەترین نیگەرانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانیشە پێش دەستپێکردنی هەر گفتوگۆیەکی نوێ.
سەرۆکی ئەمریکا، دونالد ترەمپ، ڕۆژی هەینی لە پەیامێکدا لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی داوای کرد کە ئێران ڕازی بێت یورانیۆمی دەوڵەمەندکراوی زۆر بەرز، کە دوای هێرشەکانی پێشووی ئەمریکا لە ژێر زەویدا شاراوەتەوە، «دەربهێنرێت» و بە هاوکاری ئێران و چاودێریی دامەزراوی چاودێری وزەی ناوەکیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەناوببرێت.
یورانیۆمی دەوڵەمەندکراوی زۆر بەرز چییە؟
یورانیۆم یەکێکە لە دوو ماددەی شکەندنی ناوەکی (Fissile Materials) کە دەتوانرێت بۆ دروستکردنی ناوکی بۆمبی ناوەکی بەکاربهێنرێت؛ ماددەی دووەمیش پلوتۆنیۆمە.
لە کاتێکدا پلوتۆنیۆم زۆرجار لە سووتەمەنی بەکارهاتووی ڕیاکتەری ناوەکی دەرهێنرێت و پێویستی بە دامەزراوە گەورە و ئاشکرایەکان هەیە، یورانیۆم دەتوانرێت بە هۆی ئامێرەکانی سانتریفیوژ دەوڵەمەند بکرێت. ئەم ئامێرانە شوێن و زیرساختی بچووکتر پێویست دەکەن، بۆیە چاودێریکردن و دۆزینەوەیان زۆرجار ئاڵۆزترە.

