بەشداربووان و ئەستێرەکانی فیلمی “Toy Story 5” لە شاری لەندەن، ڕێوڕەسمی ناساندنی بەشی نوێی زنجیرە فیلمەکەیان ئەنجامدا.
لەم ڕێوڕەسمەدا هەریەکە لە تۆم هانکس، تیم ئالن، جوان کوزاک، ئەندرۆ ستانتۆن و گریتا لی ئامادە بوون.
تۆم هانکس ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، ئەم بەشە چەندین دیمەنی کاریگەر و خەمناکی تێدایە، بەتایبەت ئەو دیمەنەی باس لە ئازاری دەروونی کچێک دەکات بەهۆی پەیامە نەرێنییەکانی دەوروبەری، فیلمەکە بەردەوام سەرکەوتوو بووە لە گوزارشتکردن لە هەستەکانی مرۆڤ و هەر بۆیەش کاریگەرییەکی سۆزداری قووڵی هەیە.
هانکس ئەوەشی ڕاگەیاند، زنجیرەکە بەردەوام توانای هەیە سەرسامی بکات، دیمەنێکی گەورە لە فیلمەکەدا هەیە تێیدا سەدان تیپی “Buzz Lightyear” دەردەکەون، ئەمەش یەکێکە لە پڕجۆشترین ساتەکانی ناو کارە نوێیەکە.
دەرهێنەر ئەندرۆ ستانتۆن لەبارەی ئەگەری بەرهەمهێنانی بەشی 6 و 7 جەختی کردەوە، ئێستا تەنیا سەرنجیان لەسەر بەشی پێنجەمە، بەڵام ئەگەری بەردەوامبوونی زنجیرەکە کراوەیە.
ئەکتەر گریتا لی باسی لە کارەکتەرە نوێیەکەی کرد بە ناوی “Lily Pad” و گوتی، ئەو بووکەڵەیەکی ئەلیکترۆنی سەوزە و مەبەستی باشە بەڵام بەردەوام دەبێتە هۆی دروستبوونی پشێوی. بڕیارە فیلمی “Toy Story 5” لە ڕێکەوتی 18 ی حوزەیران لە میسر و مەکسیک و لە 19 ی حوزەیران لە ئەمریکا و کەنەدا نمایش بکرێت.

