حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە لە دیوانی وەزارەت بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان پێشوازیکرد لە شاندێکی باڵیۆزخانە، کونسوڵخانە و ئینستیتۆتی کولتووری فەرەنسی لە هەولێر.
لە دیدارێکدا، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان سوپاس و پێزانینی وەزارەتی بۆ چالاکییە کولتوورییەکانی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان دەربڕی و هیوای خواست گەشەی زیاتر بە پەیوەندی کولتووری گەلی کوردستان و گەلی فەرەنسا بدرێت.
شاندی میوان پێکهاتبوون لە منیر سولەیمانی، ڕاوێژکاری کاروباری کولتووری لە باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە بەغدا، یان بریم، کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر و فرێدریک تاغد، بەڕێوەبەری ئینستیتۆتی کولتووری فەرەنسایی لە هەولێر.
لەو چوارچێوەیەدا، هەریەک لە ڕاوێژکاری باڵیۆزخانەی فەرەنسا و کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر، سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان دەربڕی لە پای ئەو ئاسانکاریانەی فەراهەمی کردوون بۆ سەرخستنی چالاکییە کولتوورییەکانی فەرەنسا و جەختیان کردەوە، بە بێ پشتیوانی و هەماهەنگی و ئاسانکارییەکانی وەزارەت ئەستەم بوو بتوانرێت پڕۆژە و چالاکییە هونەری و کولتوورییەکان بەو جۆرە ئەنجام بدرێن.
وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان دووپاتیکردەوە، بەردەوام دەرگای وەزارەت بە ڕووی بنیاتنانی پەیوەندییە کولتوورییەکان و سەرخستنی چالاکییە هونەرییەکان بۆ خزمەتی گەشەی کولتووری و بنیاتنانی پردی پەیوەندی کولتووری نێوان گەلان کراوەیە.
وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان چەپکە گوڵی پێشکەش بە کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان و دیارییەکی کولتووریشی پێشکەش بە بەڕێوەبەری ئینستیتۆتی کولتووری فەرەنسا لە هەولێر کرد.

