دوا لیپا، گۆرانیبێژی بەریتانی کە بە رەچەڵەک ئەڵبانییە، بە فەرمی چووە نێو قۆناغێکی نوێی ژیانییەوە و هاوسەرگیری لەگەڵ کاڵوم تێرنەر، ئەکتەری بەریتانی ئەنجامدا.
ئەم هەواڵە دوای ئەوە هات کە هەردوو هونەرمەند رێوڕەسمی واژۆکردنی گرێبەستی هاوژینی شارستانییان لە لەندەنی پایتەخت ئەنجامدا.
رێوڕەسمەکە لە ناوەندی ناوداری “Old Marylebone Town Hall” بەڕێوەچوو، تەنیا ئەندامانی خێزان و چەند کەسێکی نزیکی هەردوو لایەن ئامادەی بوون.
بڕیار وایە ئەو دوو هاوژینە بۆ ماوەی 3 رۆژ بەردەوام بن لە ئاهەنگگێڕان لە دوورگەی سیسیلیای ئیتاڵیا، بەڵام دەیانەوێت ئەم بەشەی ئاهەنگەکەش تەنیا بۆ خزم و هاوڕێیە نزیکەکان بێت و لە چاوی کامێراکان بەدوور بێت.
پەیوەندی نێوان ئەم دوو ئەستێرەیە لە مانگی 1ی ساڵی 2024 دەستی پێکرد و دواتر گەشەی سەند، تا دواجار دوا لیپا لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانیدا لە مانگی 6ی ساڵی 2025 دەستگیرانی خۆی راگەیاند.
کاڵوم تێرنەر یەکێکە لە ئەکتەرە دیارەکانی نەوەی نوێ لە بەریتانیا و ناوی لە لیستی پاڵێوراوەکاندایە بۆ گێڕانی رۆڵی کارەکتەری ناودار “James Bond” لە بەرهەمە سینەماییەکانی داهاتوودا.
دوا لیپا توانیویەتی پێگەیەکی جیهانی بەهێز بۆ خۆی دروست بکات و بەردەوام ناوی لە لوتکەی لیستە موزیکییەکاندا بێت. ئەم هاوسەرگیرییە دوای پەیوەندییەکی زیاتر لە 2 ساڵ دێت و هەر ئێستا بووەتە جێی بایەخی میدیا جیهانییەکان.

