یانەی لیڤەرپوڵی ئینگلیزی لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا بە فەرمی کۆتاییهاتنی ماوەی یاریکردنی ئیبراهیما کۆناتێی بەرگریکاری فەرەنسی لە ڕیزەکانی یانەکەی پشتڕاستکردەوە، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە گرێبەستەکەی ناوبراو لە ٣٠ی حوزەیرانی ئەمساڵدا کۆتایی دێت و بڕیارە لە گواستنەوەکانی ئەم هاوینەدا یانەکە جێبهێڵێت.
کۆناتێ کە تەمەنی ٢٧ ساڵە، لە هاوینی ساڵی ٢٠٢١ بە گرێبەستێک کە بەهای ٣٥ ملیۆن پاوەند بوو لە یانەی لایپزیگی ئەڵمانییەوە ڕووی لە لیڤەرپوڵ کرد. ئەو لە ماوەی یاریکردنی بۆ سوورەکانی مێرسیساید، بەشداری لە ١٨٣ یاریدا کرد و ڕۆڵێکی بەرچاو و سەرەکی لە بەدەستهێنانی نازناوی خولی نایابی ئینگلتەرا لە وەرزی ڕابردوودا هەبوو.
دوای بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، بەهۆی ئەوەی ئێستا یاریزانێکی ئازادە، چەندین یانەی گەورەی ئەوروپا کێبڕکێ لەسەر گواستنەوەی دەکەن. لە ئێستادا یانەکانی بایەرن میونشن، چێڵسی و پاریس سانجێرمان ئارەزووی جددی خۆیان بۆ بەدەستهێنانی تواناكانی نیشانداوە، لە کاتێکدا یانەی ڕیاڵ مەدریدیش وەک خوازیاری هەمیشەیی یاریزانەکە دەمێنێتەوە.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەیدا، یانەی لیڤەرپوڵ سوپاس و پێزانینی قوڵی خۆی بۆ سەرجەم ئەو ماندووبوون و خزمەتانە دەربڕی کە کۆناتێ لە ماوەی ڕابردوودا پێشکەشی یانەکەی کردووە، هەروەها هیوای سەرکەوتنی بۆ لە وێستگەی داهاتووی ژیانی وەرزشیدا خواستووە.

