جۆزێف عۆن، سەرۆکی لوبنان، ئەمڕۆ سێشەممە، 2ـی حوزەیرانی 2026، ڕایگەیاند، وڵاتەکەی هیچ بژاردەیەکی تری لەبەردەمدا نییە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لەگەڵ ئیسرائیل، مەگەر لە ڕێگەی دانیشتن و دانوستانەوە.
جۆزێف عۆن لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کرد، “هەرکەسێک خۆڵەمێشی ئاژاوە و فیتنە خۆش بکات، خزمەت بە ئیسرائیل دەکات”، جەختی کردەوە، “سوپا و دەزگا ئەمنییەکان بنەما و بناغەی ڕێگریکردنن لە ناوخۆدا”. گوتیشی “هێز لە هەڵگیرساندنی جەنگدا نییە، بەڵکو لە ئازایەتی کۆتاییهێنانیدایە لە ڕێگەی دانوستانەوە، بە جۆرێک کە لە بەرژەوەندی وڵاتدا بێت”.
ترەمپ ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵای ڕاگەیاند، ئەم لێدوانانەی سەرۆکی لوبنان لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، هێرشە دوولایەنەکانی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵای لوبنان ڕاگیراون.
ترەمپ لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی “ترووس سۆشیاڵ” نووسیویەتی، “پەیوەندییەکی بەرهەمدارم لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کرد و جەختمان کردەوە، هیچ هێزێکی ئیسرائیلی ڕەوانەی بەیرووت ناکرێت، وە ئەو هێزانەش کە لە ڕێگادابوون گەڕێندراونەتەوە.”
دەشڵێت “بە هەمان شێوە، لە ڕێگەی نوێنەرانی باڵاوە گفتوگۆم لەگەڵ حزبوڵڵا کردووە، ئەوان ڕازی بوون بە ئاگربەستی تەواوەتی؛ بەمەش نە ئیسرائیل هێرشیان دەکاتە سەر و نە ئەوانیش هێرش دەکەنە سەر ئیسرائیل.”
لەلایەکی دیکەوە، باڵیۆزخانەی لوبنان لە واشنتن ڕایگەیاند، حزبوڵڵای لوبنان ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر پێشنیازەکەی ئەمریکا بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان، ئەمەش لە بەرامبەر ڕاگرتنی بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەی “زاحیەی باشوور” لە بەیرووت.

