گرووپی سێریس ئامادەکاری تەواو دەکات بۆ ئەوەی لە ماوەی ئەمساڵدا، براندێکی نوێی ئۆتۆمبێل کە لەلایەن بەکارهێنەران و میدیاکانەوە بە “TikTok car” ناو دەبرێت، لە بازاڕەکانی وڵاتی چین بخاتە کار.
ئەم پڕۆژە نوێیە لە ڕێگەی کۆمپانیای “Saidou Technology” ئەنجام دەدرێت کە پێشتر ناوی “Chongqing Landian Technology” بوو. پڕۆژەکە هاوکارییەکی ستراتیژییە لە نێوان سێریس و سەکۆی هەور و زیرەکی دەستکردی “Volcano Engine” کە سەر بە کۆمپانیای بایتدانسی خاوەنی تیک تۆکە.
بەرپرسانی کۆمپانیاکە ئاماژەیان بۆ ئەوە کرد، ئەم براندە نوێیە تەنیا بۆ گەنجان و ئەو کەسانەیە کە دەیانەوێت بەردەوام لەگەڵ تەکنەلۆژیای سەردەمدا بن.
پڕۆسەی گۆڕینی ناوی کۆمپانیاکە لە 29ـی ئایاری ئەمساڵدا جێبەجێ کرا و بڕی 6.67 ملیار یوانی چینی (952.9 ملیۆن دۆلار) وەک سەرمایە بۆ تەرخان کرا، تا بتوانن ڕووبەڕووی هەموو ئەو ئالنگارییە داراییانە ببنەوە کە پێشتر لە بازاڕدا هەبووە.
لەبارەی تایبەتمەندییە تەکنیکییەکانی ئەم ئۆتۆمبێلە، سەرچاوەکان ڕایانگەیاند، یەکەم مۆدێل کە لەمساڵدا دەردەکەوێت ئۆتۆمبێلێکی جۆری کرۆس ئۆڤەر دەبێت و لە نێوان شێوەی SUV و سیداندایە.
ئەم بەرهەمە نوێیە هەردوو سیستەمی کارەبایی و بزوێنەری مەودا درێژکەرەوەی دەبێت و لە کارگەی فۆنێکسی سێریس بەرهەم دەهێنرێت کە ئێستا کار بۆ گونجاندنی دەکرێت.
پسپۆڕانی بوارەکە لەو بڕوایەدان، جیاوازی سەرەکی ئەم ئۆتۆمبێلە لەگەڵ براندەکانی دیکە، تەنیا لە زیرەکی دەستکرد و سیستەمی ناوەوەیدا دەبێت. “Volcano Engine” وەک مێشکی ئۆتۆمبێلەکە کار دەکات و سیستەمێکی پێشکەوتووی کارلێککردن بۆ بەکارهێنەران دابین دەکات، بەڵام بایتدانس ڕایگەیاند، هیچ نیازێکیان نییە بچنە ناو کەرتی شۆفێریی خۆکار و تەنیا ژێرخانی دیجیتاڵی و هەور بۆ ئۆتۆمبێلەکە دابین دەکەن.
ئێستا سێریس هەوڵ دەدات پێگەی خۆی لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکاندا بەهێزتر بکات و لەو ئالنگارییانە ڕزگاری بێت کە پێشتر بەهۆی زیانە داراییەکانەوە ڕووبەڕووی ببووەوە.
ئامارەکان نیشانی دەدەن، لە مانگی ئایاری 2024 بڕی 33,476 ئۆتۆمبێلی فرۆشتووە. کۆی گشتی فرۆشی سێریس لە پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵدا گەیشتووەتە 145,108 یەکە کە ئەمەش گەشەیەکی بەرچاوە و بە ڕێژەی 15.14% زیادی کردووە.
ئەم براندە نوێیە لە ڕێوڕەسم و کەناڵە فرۆشتنە تایبەتەکاندا دەناسرێت و ڕکابەری ئۆتۆمبێلەکانی وەک “Leapmotor” و “Xiaomi” دەکات. سێریس لەو بڕوایەدایە، گۆڕینی ستراتیژییەکەی و هاوکاری لەگەڵ بایتدانس دەبێتە هۆی ئەوەی بەردەوام لە پێشەنگی بازاڕی ئۆتۆمبێلە زیرەکەکاندا بمێنێتەوە و سەرکەوتنی گەورە بەدەست بهێنێت.

