بەبۆنەی ڕۆژی ژینگەی جیهانییەوە، لە ژێر چاودێری پارێزگاری هەولێر، پارکێکی مۆدێرن لە گەڕەکی نووسەرانی شاری هەولێر کرایەوە، کە ئامانج لێی زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی و خزمەتکردنی دانیشتووانی ناوچەکەیە.
ئەمڕۆ شەممە، 2026/6/6، لە ڕێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکومی و حزبی، پارکێکی مۆدێرن لەسەر ڕووبەری (3132) مەتر دووجا لە گەڕەکی نووسەرانی هەولێر کرایەوە. پڕۆژەکە لەلایەن فەرمانگەی ژینگەی هەولێر و بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی ئەندازەی پارکەکان و کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم جێبەجێ کراوە.
لە ڕێوڕەسمەکەدا، کە کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانی هەولێر و بەڕێوەبەرانی ئەندازەی پارکەکان و ژینگەی هەولێر ئامادەی بوون، پارێزگاری هەولێر پیرۆزبایی لە دانیشتووانی گەڕەکەکە کرد و دەستخۆشی لە لایەنە جێبەجێکارەکان کرد.
ئومێد خۆشناو لە گوتەیەکدا تیشکی خستە سەر ستراتیژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی ژینگە و گوتی: “هەوڵەکانمان بۆ زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی و پاککردنەوەی هەوای شارەکە بەردەوامن. ئەو ڕێوشوێنە فەرمییانەی لە ماوەی ڕابردوودا گرتوومانەتە بەر، کاریگەری ئەرێنییان لەسەر ژینگەی پایتەخت هەبووە.”
پارێزگاری هەولێر باسی لە گرنگی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان کرد و ئاماژەی بە “پڕۆژەی ڕووناکی” دا وەک وەرچەرخانێکی گرنگ لە کەرتی کارەبا و ژینگەدا. ڕایگەیاند: “کۆتاییهێنان بە مۆلیدە ئەهلییەکان لە ڕێگەی پڕۆژەی نیشتمانی ڕووناکییەوە، کاریگەرییەکی ئێجگار گەورەی لەسەر کەمکردنەوەی پیسبوون و پاراستنی ژینگەی هەولێر هەبووە.”
کردنەوەی ئەم پارکە لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ڕۆژی ژینگەی جیهانیدا دێت، کە تێیدا جەخت لەسەر فراوانکردنی ڕووبەری سەوزایی لە نێو سەنتەری شار و گەڕەکەکاندا دەکرێتەوە.


