zagros news agency

“پەڕتووکی ڕەنگکردن” ناساندنی کولتووری کوردییە بە منداڵانی کورد لە جیهاندا

شێوەکاری کورد، ئاریان لەتیف، بەشداریی خۆی لە پڕۆژەیەکی هونەری و پەروەردەییدا لە شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا ڕاگەیاند.

پڕۆژەکە لە ژێر ناونیشانی “پەڕتووکی ڕەنگکردن”  و لەلایەن ڕێکخراوی گوڵانەوە جێبەجێ کراوە، ئامانجی سەرەکیی ناساندنی کولتوور، هونەر و جوگرافیای کوردستانە بە منداڵانی کورد لە سەرانسەری جیهاندا.

ئەم پڕۆژەیە کە گەیشتووەتە بەرگی سێیەمی خۆی، تایبەت کراوە بە چیرۆک و ئەفسانە فۆلکلۆرییەکانی کوردی، تێیدا هونەرمەندانی کورد بە دەست و پەنجە ڕەنگینەکانیان تابلۆکانیان نەخشاندووە، تاوەکو منداڵان لە ڕێگەی ڕەنگکردنی تابلۆکان و خوێندنەوەی زانیارییەکان بە هەردوو زمانی کوردی و ئینگلیزی، بە شێوازێکی زیندوو و سەرنجڕاکێش ئاشنای مێژوو و ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان بن.

ئاریان لەتیف لە بارەی ئەم پڕۆژەیەوە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبووک دەڵێت: “منداڵان لە ڕێگەی ئەم کارەوە نەک تەنیا هونەر دەبینن، بەڵکو بە شێوازێکی هاوچەرخ پەیوەندییان لەگەڵ ڕەگ و ڕیشەی خۆیان بەهێز دەبێت.”

پڕۆژەکە لەلایەن هونەرمەندان مەریوان جەلال و دڵکەش موراد ڕێکخراوە و ڕیچارد وایڵدینگ، ئەرکی بەرهەمهێنان و مۆنتاژی کارەکەی لە ئەستۆ گرتووە. 

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە پارێزگاری بەغدا دەکات

یاسین

ژمارەی کوژراوانی غەززە سەروووی 41 هەزار کەسە

سەڵاح

لە ماوەی کابینەی نۆیەم زیاتر لە هەشت هەزار کۆمپانیا تۆمارکراون

سەڵاح