ئومێد وەڵاتی
کەسانی نامۆن لەناو کومەڵگای کوردیدا بۆیە بەشێوەیەک پەلاماری نامۆی یاریزانە هاونەتەوەکەی خۆیان دەدەن کە لە هیچ کۆمەڵگایەکی ئەم جیهانە یان کاری لەو شێوەیە بوونی نیە، یان ئەگەر هەبێت مایەی نەنگیە.
سەرۆکوەزیران کاک مەسرور بارزانی ئەرکی سەر شانی خۆی وەک بەرپرسی باڵای وڵات جێبەجێ کردووە بەوەی لە کاتی سەرکەوتنی نامۆ لە یاریکردنی نێودەوڵەتیدا پێشوازی لێکرد و پشتیوانیشی بۆی دەربڕی، بۆ ئەوەی بزانێت خەلک و دەسەڵاتی کوردی لەپشتی ئەون و هاندانێکیش بوو بۆ سەرکەوتنی زیاتر و پەیامێکیش بوو بۆ کەسانی بەهرەمەند و بەتوانا لە بوارە جیاوازەکان کە چاو لە ئەو بکەن، کەچی لە دوای دوڕانی لە کۆتا یارییدا، کە هەلبەت سروشتی یاری بریتییە لە سەرکەوتن و دووڕان و یەکسانبوون، کەسانی دەرۆن نەخۆش بە ڕاست و چەپ پەلاماری نامۆ دەدەن و هەتا کار گەیشتووەتە ئەوەی کەسانێک لەپەنای ڕەخنەگرتن خەریکی بێڕێزیکردن بن بەو یاریزانە کوردە. پاساویشیان تەنها ئەوەیە کە کاک نامۆ لەلایەن کاک مەسرور بارزانی و چەند شوێنێکی دیکە پؽشوازیان لێکراوە و پشگیری خۆیان بۆ دەربڕیوە کە ئەمەش کارێکی درۆستی هەموو دەسەڵاتدارێکە و جێگای دەست خۆشیشە. دواتر یاریزان هەر مەیل و حەزێکی سیاسی هەبێت لە کۆتاییدا مۆڵکی نەتەوەیەکە نەک تەنها گروپ و لایەنێک.
من هیچ شتێک لەو جۆرە یارییە نازانم، بەڵام مادەم کوڕە کوردێک لەو یارییەدا سەرکەوتنی باشی بەدەستهێناوە دڵم پێی خۆشە و لەهەمان کاتیشدا کە دوێنێ شەو دورا بۆی دڵتەنگ بووم و خوزگەم دەخواست سەرکەوێت، بەڵام مەرج نیە هەموو کاتێک ئەنجامی یارییەکان بە پێی خواست و حەزی مرۆڤەکان بێت.
نامۆ چونکە پشتی لە وڵاتی خۆی نەکردوو و هەمیشە ئاڵای پیرۆزی کوردستانی لەسەر شانە و شانازی بە کوردبوونی خۆیەوە دەکات بۆیە چاوەڕوانکراوە توپەڵە مرۆڤێکی پەروەردەکراوی ڕێبازی تیرۆری هزری دژی ئەو بن.
هیوادارم کەسە تێگەیشتو و پێگەیشتووەکانی نێو کۆمەڵگای کوردی کە کاریگەریان هەیە لە میدیا و سۆشیالمیدیادا پشتگری لە کاک نامۆ بکەن و ئەم دوڕانە ببێتە هاندەرێکی باش کە لە داهاتوودا سەرکەوتن بەدەست بهێنێت و قسە و کرداری کەسانی نەخۆش کاریگەریان لەسەر نەبێت.
هەموو سەرکردە و کەسایەتییەکانی جیهان بەخۆشحالیەوە پێشوازی لە یاریزانەکانی خۆیان دەکەن نەک تەنها لەکاتی سەرکەوتن دا بەڵکو لەکاتی شکستیشدا هەر پێشوازی لێدەکەن بۆ ئەوەی لە یاری و هەنگاوی داهاتوودا بە هیواوە بچێتە گوڕەپانی ململانێ.
لە دڵەوە ئەوە دەخوازم کە ئەم جۆرە مرۆڤە نامۆیانەی نێو کۆمەڵگای کوردی کە بەسەر سێ پلەدا دابەشبوونە: بەشێکیان نەخۆشن و چارەسەری خۆیان بکەن و بەشێکیشیان بەدوای قەڕەبالغی و لایک کوکردنەوە کەوتوون هەست بەهەڵەی خۆیان بکەن و بەشە کەمەکەش کە لە گەمژەیی و سکڕەشی خۆیان ئەو کارە دەکەن و لە هەموو بوارێک دا قسەیان هەیە و داشوراون لە بەها کۆمەڵایەتی و مرۆڤایەتییەکان هوشێکیان بێتەوە بەر.

