(خوێندنەوەیەکی ڕەخنەیی بۆ وەرچەرخانە سیاسییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان)
صادق سیرینی
ڕووداوە سیاسیی و سەربازییەکانی ئەم دوواییەی ڕۆژئاوای کوردستان و دەستپێکی پرۆسەی هەڵوەشاندنەوە یان تێكەڵکردنەوەی هێزەکانی سوپای سوریای دیموکرات (هەسەدە) لەگەڵ دەستەڵات و پێکهاتەی نوێی سوپای سوریا لەدیمەشق، ئاماژەن بۆ وەرچەرخانێکی مێژوویی ئاڵۆز لەنەخشەی سیاسیی ناوچەکەدا. تێگەیشتن لەم دۆخە پڕ لەگۆڕانکارییە، بەبێ ڕامان لەپاشخانی ئایدیۆلۆجیی، بەرژەوەندیی زلهێزەکان و کایە ناوچەیییەکان ئەستەمە.
– دابڕان لەبنەمای نەتەوەیی و سەرەنجامی پرۆژەی “برایەتی گەلان”
ئەزموونی دەیەی ڕابردوو ئەوە دەسەلمێنێت کە داڕشتنی ستراتیجی سیاسیی لەسەر بنەمای ئایدیۆلۆجیایەک کە دان بەمافی سەربەخۆیی و قەوارەی فەرمیدا نەنێت، ئاکامەکەی دەستبەرداربوونی دەستکەوتەکان دەبێت. بەخشینی هەزاران قوربانی لەناوچەکانی دەرەوەی جوگرافیای کوردستان بەناوی “برایەتی گەلان”و دوواتریش ڕەتکردنەوەی فیکریی پرسی دەوڵەت، زەمینەی بۆ داماڵینی کورد لەشوناسی نەتەوەیی خۆی خۆشکرد.
لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە فەلسەفەی دەستەڵاتدارییەتی لەسەر بنەمای “بەهێز، لاواز دەخوات” بونیاتنراوە، نەبوونی کیانی سەربەخۆو سەروەریی نیشتیمانیی و یاسایی، کۆمەڵگە بەرەو لێکترازانی شوناس و توانەوە لەناو نەتەوەی سەردەستدا دەبات.
– چەپگەرایی ئایدیۆلۆجیی و هاوپەیمانیی دژبەیەکە ناوچەیییەکان
یەکێک لەپارادۆکسە سیاسییە سەرنجڕاکێشەکان لەڕەفتاری پەکەکەو ئەجێندا سیاسییەکانیدا، بەکارھێنانی لۆجیکێکی دووفاقییە بەرامبەر پرسی نەتەوەیی؛ لەکاتێکدا هەڵوێستێکی توندو دوژمنکارانەی بەرامبەر پارچەکانی دیکەی کوردستان و هێزە نیشتیمانییەکان پیشان دەدا، بەڵام لەئاست دەستەڵاتە ئیقلیمییەکاندا نەرمیی و پاشەکشەی بێ مەرجی دەنواند. تێپەڕبوونی ئەزموونی شنگال سەلماندی کاتێک پارتی هەوڵی یەکخستنی هێزەکانی دەدا لەپێناو پرسی نەتەوەییدا دەستبەجێ ڕێگریی لێکراو هێلی سووری بۆ کێشرا، بەڵام هەمان ئەم ڕەوتە بەفەرمانێک ناوچەکەی ڕادەستی هێزەکانی حەشدی شەعبی کرد.
شاراوە نییە کە جڵەوی ئاراستەکردنی ئەم جۆرە لەچەپگەرایی ساڵانێک لەژێر سێبەری دەستەڵاتی تاران و هاوکێشە شیعییەکاندا بوو، کەچی بەوەرچەرخانێک بوونەتە ئامرازێکی گوێڕایەڵ بۆ ئیسلامییە سوننەکانی سوریا بەسەرپەرشتی دەستەڵاتی ئیسلامیی – پراگماتی لەئەنقەرە. دروست لەم خاڵەدایە کە ڕەوتی چەپی توندڕەو و ڕەوتی ئیسلامیی کوردی بەیەک دەگەنەوە؛ کاتێک پرسی نەتەوەیی دەبێتە قوربانیی بەرژەوەندیی ئەوانی دیکە، ئەم دوو ئاراستەیە دەبنە پاڵپشت و بەکارهێنراوی ئەجێندای تورک و فارس و عەرەب، کە ئێستا شەپۆلی ئیسلامیی سیاسی بەسەریاندا زاڵە.
– وانەی ئۆکرانیاو وەهمی گەرەنتی نێودەوڵەتی
مێژووی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ئەوەمان فێر دەکات کە پشتبەستن بەبەرژەوەندیی کاتی زلهێزەکان بەبێ بوونی پەیماننامەی نووسراو، یاسایی و فەرمی، داڕمانی گەورەی لێ دەکەوێتەوە. وەک چۆن لەنۆهەتەکانی سەدەی ڕابردوودا ئۆکرانیا بەبەڵێنی ئەمریکاو ڕوسیا دەستی لەچەکی ناوەکی هەڵگرت و ئەنجامەکەی لەمڕۆدا دەبینین، کوردیش لەڕۆژئاوا بەبێ گەرەنتی یاسایی بووە هاوپەیمانی مەیدانی زلهێزەکان. کاتێک هاوکێشە گەورەکان گۆڕان، ئەو هاوپەیمانییە هەڵوەشایەوەو کورد تەنیا بووە ئامرازێک لەکایەی سیاسیی دەستەڵاتە ئیقلیمییەکاندا.
– ڕێککەوتنەکانی ئیمراڵیی و لێکەوتەکانی لەسەر پرۆسەی دانوستان
پرۆسەی ڕێککەوتن و لێک تێگەیشتنەکان کە ڕەگییان لەپەیامەکانی ئیمراڵیی و هێلە فیکرییەکانی پەکەکەدایە، ڕووبەڕووی ڕەخنەی قووڵی زانستی بوونەتەوە. چەمکەکانی وەک “تێکەڵکردنەوە”و ڕازیبوون بەدەستەڵاتی ئیداریی خۆجێیی لەبری مافی ڕەوای نەتەوەیی، پاشەکشەیەکی ستراتیجییە. شەڕکردن بەرامبەر ڕێکخراوە پەڕگیرەکان و دوواتر ڕادەستکردنی دەستکەوتەکان بەپێکهاتەیەک کە هەمان پاشخانی فیکرییان هەیە، بەخشینی شەرعییەتە بەشکست، نەک دەستکەوتێکی سیاسیی.
– سیناریۆ ناوچەییەکان: ئیسرائیل، دەوڵەتانی عەرەبیی و گەمەی گۆڕینی ئاراستەی شەڕ
هەڵوێستی هاوبەشی دەوڵەتانی ناوچەکە بەرامبەر دۆخی کورد، بەشێکە لەستراتیجی ڕێگریکردن لەبەهێزبوونی سەربەخۆی کورد. ترسی ئەم دەوڵەتانە لەئەگەری نزیکبوونەوەی بەرژەوەندییەکانی کورد لەگەڵ ئیسرائیل، وای کردووە ڕێگە بەدروستبوونی دەستەڵاتێکی ناوچەیی بێ هێزو کۆنترۆڵکراو بدەن تا دەستکەوتی گەورەتر لەدەست کورد دەربچێت؛ دەستەڵاتێک کە لەیەکەم وەرچەرخانی سیاسیی ناوچەکەدا بەئاسانی هەڵتەکێنرێت، ڕێک وەک ئەوەی لەمێژوودا لەسەردەمی مەلیک مەحمودی حەفیددا ڕوویدا.
لەلایەکی دیکەوە، دەرهێنانی هەندێک گروپ لەلیستی تیرۆرو بەهێزکردنەوەی سوپای ناوەندیی، دەکرێت ئامادەکاری بێت بۆ بەکارهێنانی ئەو هێزانە لەشەڕی بەوەکالەتدا بەرامبەر جەمسەرەکانی ئێران، مەگەر ئەوەی گۆڕانکاریی ڕیشەیی لەتاران هاوسەنگییەکان بگۆڕێت و تێکبدات.
– دۆخی بەرگریی و دابەشبوونی هەڵوێستی سیاسی
لەکاتێکدا هەندێک ئەم هەنگاوانەی فەرماندەیی هەسەدە بە “سەودایەکی ناچاریی” لەنێوان مانەوەو لەناوچوونی یەکجارەکیدا دەبینن – بە لەبەرچاوگرتنی گۆڕانکاری لەسێبەری هاوپەیمانییە دراوسێکان و پشتیوانییە داراییەکان – بەڵام ئەنجامی مەیدانی گوزارشت لەدۆڕانێکی قووڵی ستراتیجی دەکات.
شکست یان سەرکەوتنی ڕۆژئاوا دەرسێکی مێژوویی گرینگە؛ پرسی نەتەوەیی بەدروشم، گوێڕایەڵی بێ مەرج بۆ ئایدیۆلۆجیای حزبیی و خەیاڵ پڵاوی سیاسیی بەڕێوە ناچێت. پاراستنی کیانی سەربەخۆ، بەهێزکردنی ناوماڵی باشوورو داڕشتنی ستراتیژ لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی نەتەوەیی، تاقە ڕێگەن بۆ ڕێگریکردن لەدووبارەبوونەوەی ئەم کارەساتە سیاسییانە لەپارچەکانی دیکەی کوردستاندا.
مێژووی گەلان زنجیرەیەکی بەردەوامی سەرکەوتن و شکست هەڵگرە. شکستەکان کاتێک دەبنە مەرگەساتی هەمیشەیی کە تەنیا وەک شین و ڕۆڕۆ، گریان گوزارشتییان لێ بکرێت؛ بەڵام ئەگەر ببنە هەوێنی وشیاریی و ڕەخنەگرتن لەخۆ، دەکرێت ببنە سەرەتایەک بۆ داڕشتنەوەی ستراتیجێکی نیشتیمانیی تۆکمەترو واقیعییانەتر.

