zagros news agency

قەیس خەزعەلیی قاچاخچی، باسی دەوڵەتداری دەکات!

 

ئەسرین عاسی شوانی

قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی گرووپی عەسائیبی ئەهلی حەق، كە خۆی تۆمەتبارە بە دزی و بەقاچاغبردنی نەوت و سامانی عێراقییەكان و ئاژاوەنانەوە، کەوتووەتە هۆنینەوەی کۆمەڵێک تۆمەت سەبارەت بە کورد. هەرچەندە هەرێمی کوردستان لەبەردەم رای گشتیی ناوخۆی و جیهانی پابەندە دەستوورییەکانی بە زیادەوە جێبەجێ کردووە، كەچی لەبەرامبەردا عێراق هەر مانگەو جۆرێک بیانوو دێنێتەوە و لە نەناردنی مووچە یان دواخستنی درێغی ناکات، ئەوەش لەکاتێکدایە کە هەرێمی کوردستان هەموو داواکارییەکانی حکوومەتی ناوەندی وەک دەستوور ئەیڵێت خستووەتە بەردەستیان.

لەولاشەوە قەیس خەزعەلی بەردێک فڕێ دەداتە گۆمەکە و دەیەوێت بارودۆخەکە زیاتر بشەڵەقێنێ و هەرێمی كوردستان تاوانبار دەکات بەوەی پابەندییە دەستوورییەکانی جێبەجێ نەکردووە، گوایە بە قسەی خەزعەلی بێت هەرێمی كوردستان كەمتەرخەمە لە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ دەرەوە.

لەم لێدوانانەیدا چەواشەکارییەکی ئاشکرا هەیە و تۆمەتی ناڕەوا بە هەرێمی كوردستانی دەکات، چونکە هەرێمی كوردستان مانگانە بەپێی رێکكەوتنی نێوان هەردوو وەزارەتی دارایی عێراق و كوردستان، نیوەی داهاتی ناوخۆی گەڕاندووەتەوە بۆ بەغدا، بەڵام خەزعەلی و هاوئاوازەکانیان لەو نێوەندەدا دێن و کۆمەڵێک ناهەقی و درۆ ئەكەن، وەک ئەوەی خۆیان لەناو رەوت و قەوارەكانی عەرەبی شیعە زۆر پاک و بێگەرد بن و عێراقێکی پاک و بێخەوش ئیدارە دەدەن.

لە باسی گەندەڵیدا خەزعەلی و هاوئاوازەكانی دەچنە کتێبی گینسەوە، گەندەڵیییەكانیان بە ئاستێك گەیشتوو،ە لە بەسڕەوە تا دەگاتە بیرە نەوتەکانی کەرکووک نەوت بە قاچاغ دەبەن و بۆڕیی نەوت نەماوە کونی نەکەن و لە لایەن مافیاکانیان بە تاڵان و بە قاچاغ نەبرێت، ئەوە ئەوانن بۆڕیی نەوت و بیرە نەوتەکانتان کردووەتە سەرەد و بێژنگ و نەوت هەڕاج دەکەن و لە عێراقدا داریان بەسەر بەردەوە نەهێشتووە و لەسایەی گەندەڵی و دزییەکانیانەوە بوون بە ملیاردێر، ئەوانن دەستوور پێشێل دەکەن و شایستە داراییەکانی هەرێمی كوردستان دەبڕن و مووچەخۆرانی کوردستان برسی دەکەن، ئەوانن کێشە بۆ هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان دروست دەکەن، ئەوانن چاویان بە پێشکەوتنەکانی كوردستان هەڵنایەت.

کەچی لەسەر ئەو هەموو گەندەڵی و پاشەڵپیسییەی خۆیانەوە دێن و تۆمەت بۆ هەرێمی کوردستان دروست دەکەن، ئەوەندەیان پێ بەس نییە کە مووچەی مووچەخۆران دەبڕن، دەیانەوێ بە درۆکانیشیان کوردستان و حکوومەتەکەی ناشرین بکەن، بەڵام ئەوەی خەزعەلی و هاوئاوازەكانی خەونی پێوە دەبینن، درەنگ بێ یان زوو دەبێتە بڵقی سەر ئاو و سەگی هاریش تەمەنی هەر چل ڕۆژێک دەبێ و دواجار بۆگەن دەکات.

هەواڵی پەیوەندیدار

نکۆڵى کردن لە هەرێمى کوردستان خەونێک بوو نەهاتەدى

سەڵاح

سەرکەوتنى هێزى نەرمى کوردستان بەرامبەر هێزى ڕەق

سەڵاح

پێڤاژویا ئاشتیێ ل تورکیا بەربەست و دەرفەت

دڵشاد