zagros news agency

شۆرشی مەزنی ئەیلول تەنیا شۆرشێکی چەکداری نەبوو

نوسینی /نازم شێخانی
بێگومان ئەگەر بۆ مێژوو بگەڕێینەوە ، گەلی کورد چەندین شۆڕشی دژی ڕژێمە یەک لەدوا یەکەکان بەر پا کردووە ، یەکێک لەم شۆڕشانە شۆڕشی مەزنی ئەیلول بوو ، بەسەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرابەرایەتی (مەلا مستەفا بارزانی )، ئەم شۆرشە تەنیا شۆڕشێکی چەکداری نەبوو ، بەڵکو هەم ڕاپەڕینێکی سەرتا سەری بوو هەمیش ناساندنی میلەتی کورد بوو بەجیهان .
روونە هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلول بەڕابەرایەتی (بارزانی نەمر )دوای ئەم زوڵم و ستەمەی حکومەتی ئەوسای بەغدا بوو کەلەساڵی( 1961) لەدژی گەلی کورد ئەنجامی دا ، ئەمەش وای کرد لە (11/9/1961)مەشخەڵی شۆڕش هەڵبکرێت بەوتەیەکی بەنرخی ( بارزانی نەمر) شۆڕش دەست پێدەکات، سەرۆک بارزانی لە کتێبی بارزانی و بزوتنەوەی رزگاریخوازی کورد دەڵێ ، کە لە کاتی ھەڵگیرساندنی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن کە بارزانی نەمر پێشمەرگەکانی لە ناوچەی سیدا کۆکردەوەو وتارێکی مێژوویی بۆ پێشمەرگەکاندا دەنوسێت:
“براینە نازانم پاشەڕۆژ چی بۆ حەشارداوم ، تا ئەو پەری توانام بەرگری دەکەم، تا بتوانم کوردستان جێناھێڵم، ئێوە خۆتان دەبینن من مەرگم بۆخۆم ھەڵبژاردووە ، جا ئەو کەسەی مەرگ بۆخۆی ھەڵدەبژێرێ با لەگەڵم بمێنێ، لە چەک و فیشەک و پارەیەکی کەم ھیچیترم پێ نییە، ئەوە ھەموو ئەوەیە کە من ھەمە ، ئەوانەی لە برسیەتی و مەرگ و سەرما ناترسن با لەگەڵم بمێننەوە ، ئەوانەی چاوەڕێی ھیچم لێناکەن با لەگەڵم بمێننەوە ، ئەوانەشی بەرگەی ئەو حاڵەتە ناگرن ، ئەوە بڕۆن بەڕێی خۆتان و خوا پاداشتان بداتەوە و چونکە زۆرتان لە ئەستۆگرت و ماندووبوون”.
شۆڕشی ئەیلول بەهەمان شێوەی شۆڕشەکانی تر بێ بەش نەبوە لەجیابوەنەوە ، ئەوەبوو لەساڵی (1964)دوو سەرکردەی دیار و بەهاوەڵی (700 )پێشمەرگە جیابونەوەی خۆیان لە پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیاندو چونە ئێران ، دواتر لەساڵی (1966)گەڕانەوە عێراق و چونە پاڵ ڕژێمی ئەوسای عێراق، بەڵام بارزانی نەمر توانی ببێتە سەر مەشقی ئەم شۆڕشەو وەک ئەندازیارێک هەموو دەنگ و ڕەنگێک و هەموو چین و توێژێک بەبێ جیاوازی ئاینی مەزهەبی نەتەوەیی کۆ بکاتەوە شۆڕش نەکەوێتە ژێر کاریگەری ئەم جیاکاریە و توانی چەندین داستانی گەورە تۆمار بکات و کۆمەڵێک دەسکەوتی گەورە بەدەست بهێنێت.
شۆڕش تەنیا شۆڕشێکی چەکداری نەبوو ، بەڵکو شۆڕشێک بوو بۆ ناساندنی میلەتی کورد بەهەموو جیهان لەمەشیان بارزانی نەمر لەپاڵ سەرکردایەتی کردنی شۆڕش ، توانی چەندین نامە ئاراستەی نەتەوە یەکگرتوەکان و سەرۆکی فەڕەنسا و سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بکات ، وە چەندین دیداری ڕۆژنامەوانی لەگەڵ ڕۆژنامەنوسانی جیهان و عەرەب ئەنجام بدات .
شۆڕشی مەزنی ئەیلول ڕاپەڕینێک بوو، کەتوانی چۆک بە حکومەتی ئەوسای عێراق دابنێت وبکەوێتەگفت و گۆ لەگەڵ گەلی کورد و ڕێکەوتن نامەی 11ئازاری لێ بێتە بەرهەم ، ئەم ڕیکەوتنە خاڵێکی مێژووی بوو ، چونکە بۆ یەکەمجار توانرا دان بەمافی گەلی کورد دابنرێت ومافی ئەتۆنۆمی لێ کەوتەوە ، کەتوانرا پارێزگاری لەناسنامە و زمان و کلتوری گەلەکەمان بکرێت ،بەڵام بەداخەوە حکومەتی عێراق لەکاتی لاوازی پەنایی بۆ گفت و گۆ دەبرد لەکاتی بەهێزی سودی لەشەڕ وەردەگرت و ئەگەرچی شۆڕشی ئەیلول سەرکەوتنێکی گەورەی کورد لەمێژووی کوردایەتیدا نوسیەوە بەرامبەر بە دووژمن و پربایەخترین شۆڕەشی کوردی بوو ، بەڵام ڕژێمی عێراق پابەندی بەڵێنەکانی نەبوو ، خاڵنامەی نێو ڕێکەوتنەکانی جێبەجێنەکرد ، ئەمەش وای کرد جارێکی تر کورد بگەڕێتەوە شاخ و دەست بکاتەوە بەخەباتی چەکداری و شاخ و ناوچە ڕزگار کراوەکان بونەوە پەناگەی شۆڕش و شەڕی سەرتاسەری ڕاگەیاندرا وزۆرێک لە کورد شوێن و ماڵەکانیان جێهێشت، ڕژێمی بەغدا لە پایزی 1974بەچڕی هێزەکانی پێشمەرگەی بۆردومان کرد و شەڕ لە چیاکانی ماکۆک وکارخ و دیانا و ڕەواندز دەستی پێکردەوە .
لەساڵیادی شۆڕشی مەزنی ئەیلول هەزاران سڵاو لەگیانی پاکی شەهیدانی ئەیلول و رزگاری خوازی گەلەکەمان .

هەواڵی پەیوەندیدار

چەند ووتەیەک  لەیادی پەرستیاراندا

یاسین

پارتى واتە خۆڕاگرى و کەرامەت و خاك و نیشتیمان

سەڵاح

کێلگەی غازی کۆرمۆر لە نێوان بەها ئابووری و ململانێیە سیاسی و نێو دەوڵەتیەکان

دڵشاد