کاروان جەلال
لە مێژووی گەلاندا هەندێک ساتەوەخت هەن کە تەنها گۆڕانکارییەکی سیاسی یان ئابووری نین بەڵکو وەرچەرخانێکی فەلسەفین لە تێگەیشتنی گەلێک بۆ خۆی و بۆ پەیوەندییەکانی لەگەڵ جیهانی دەوروبەریدا. دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی ڕێککەوتنێکی نوێوە لەگەڵ بەغدا و بە هەماهەنگیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، یەکێکە لەو ساتەوەختانە.
لە ڕوکاری دەرەوە چیرۆکەکە سادە دیارە…بۆرییەکان کرانەوە، نەوت ڕۆیشت، و پارە دەگەڕێتەوە. بەڵام پرسیارە جەوهەرییەکە لێرەدایە. ئێمە لە دیوی پشتەوەی ئەم بەرمیلە نەوتە چی دەبینین.
ئەوەی من دەیبینم تەنها هایدرۆکاربۆنێکی ڕەش و خاو نییە. بەڵکو ئاوێنەیەکی فرە ڕەهەندە کە وێنەی ڕابردوو، ئێستا و ئایندەی ئێمەی تێدا ڕەنگ دەداتەوە.
یەکەم: بەرمیلەکە وەک کۆتایی ململانێی ئیرادەکان
ساڵانێکی دوور و درێژ، بەرمیلە نەوتەکەمان هێمای ململانێ بوون. ململانێی نێوان مافی دەستووری و لێکدانەوەی ناوەندگەرایی، لە نێوان ئیرادەی گەلێک بۆ خۆبژێوی و فشاری سیاسی. ڕاگرتنی هەناردەکردن لە بنەڕەتدا گەمارۆیەکی ئابووریی بێدەنگ بوو کە ئامانج لێی شکاندنی ئەم ئیرادەیە بوو.
ئەوڕۆ جووڵەی نەوت لەو بۆرییانەدا تەنها جووڵەیەکی فیزیایی نییە بەڵکو جووڵەیەکە لە چەقبەستوویی سیاسییەوە بەرەو دینامیکییەتی دیپلۆماسی. ئەمەش بەرهەمی پراگماتیزمێکی سیاسییە کە لە دوو پایتەختەوە سەرچاوەی گرت. لە هەولێر، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە خوێندنەوەیەکی واقیعیانە بۆ هاوکێشە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، سیاسەتی سفرکردنەوەی کێشەکانی کردە بنەما و زمانی دیالۆگی لەبری زمانی ڕەتکردنەوە هەڵبژارد. لە بەغداش، حکومەتی فیدراڵ بە سەرۆکایەتیی سوودانی، گەیشتە ئەو باوەڕەی کە عێراقێکی بەهێز، پێویستی بە هەرێمێکی کوردستانی بەهێز و سەقامگیری ئابووری هەیە.
ئەمریکاش وەک هێزێکی هاوئاهەنگ، ڕۆڵی ئەو ئەندازیارەی بینی کە پردی نێوان دوو دیدگای جیاوازی دروست کرد و گەرەنتیی ئەوەی دا کە ئەم ڕێککەوتنە لەسەر بناغەیەکی پتەو بێت. بۆیە ئەم بەرمیلە چیرۆکی سەرکەوتنی لۆژیک و بەرژەوەندیی هاوبەش بەسەر سۆزی سیاسیی کورتخایەندا دەگێڕێتەوە.
دووەم: بەرمیلەکە وەک پەیمانێکی کۆمەڵایەتیی نوێ
نەوت تەنها کاڵایەک نییە بۆ فرۆشتن، بەڵکو سەرمایەی نەوەکانی ئێستا و داهاتووە. کاتێک ئەم سامانە دەخرێتە خزمەت خەڵکەوە، دەبێتە چیمەنتۆی پەیوەندیی نێوان هاووڵاتی و دەسەڵات. هەناردەکردنەوەی نەوت لەم قۆناغەدا، لە بنەڕەتدا نوێکردنەوەی ئەو پەیمانە کۆمەڵایەتییەیە. ئاسۆیەکی ڕۆناکە بۆ دابینکردنی مووچە لە کاتی خۆیدا بۆ جووڵاندنەوەی چەرخی ئاوەدانی و بۆ گەڕاندنەوەی ئومێد بۆ گەنجان.
بۆیە لەودیو ئەم بەرمیلەوە من چاوی چاوەڕوانی فەرمانبەرێک، هیواکانی خێزانێک، و خەونی گەنجێکی بێکار دەبینم. سەرکەوتنی ڕاستەقینەی ئەم پرۆسەیە، بەستراوەتەوە بەوەی کە داهاتەکەی تا چەند دەتوانێت وەڵامی ئەم هیوا و خەونانە بداتەوە.
سێیەم: بەرمیلەکە وەک پاسپۆرتێکی دیپلۆماسی
نەوت لە جیهانی ئەمڕۆدا تەنها وزە نییە بەڵکو سیاسەتە. گەڕانەوەی هەرێمی کوردستان وەک یاریزانێکی کارا بۆ بازاڕی وزەی جیهان و پێگەی سیاسییەکەی بەهێزتر دەکات. چیتر هەرێم تەنها وەک قوربانییەکی جیۆپۆلەتیک سەیر ناکرێت، بەڵکو وەک هاوبەشێکی ستراتیژی لە بواری ئاسایشی وزەدا دەبینرێت. ئەم بەرمیلە، ئەو پاسپۆرتەیە کە ڕێگەمان پێدەدات لەسەر مێزی گفتوگۆ نێودەوڵەتییەکان دابنیشین، نەک لە پەراوێزی چاوەڕوانیدا.
لە کۆتاییدا، ئەم ڕێککەوتنە تەنها بۆرییەکانی نەوتی نەکردەوە، بەڵکو دەرگای بە ڕووی ئەو دەنگانە دادەخات کە گرەویان لەسەر گۆشەگیریی سیاسیی هەرێم دەکرد. بۆ ماوەیەکی زۆر گوێبیستی ئەو شیکارییە پۆچەڵانە بووین کە بانگەشەیان بۆ ئەوە دەکرد سیاسەتی ئارامگرتنمان بێئەنجامە و هاوپەیمانەکانمان لەناو گێژاوی ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پشتیان تێکردووین. بەڵام ئەمڕۆ کردەوەکان بەرزتر لە وشەکان دەدوێن. سەلمێنرا کە دۆستەکانمان بە هەمان ئەندازەی جاران و بە قورسایی دیپلۆماسییانەوە ئامادەبوون کات و وزەی خۆیان تەرخان بکەن بۆ ڕۆڵی ناوبژیوانی. ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە سیاسەتی ژیرانە و خۆڕاگریی ستراتیژی دواجار بەسەر فشاری سیاسی و پەلەپەلی بێ بنەمادا سەرکەوت.

