zagros news agency

ڕۆژئاوا بێ‌خاوەن نییە

بەهرە محەمەد

​هەر لە سەرەتای ڕووداوەکانی سووریا و ئازادبوونی چەند ناوچەیەک لە لایەن کوردەوە، بەردەوام کوردانی پارچەکانی تریش لە خەمی ڕۆژئاوادا بوون؛ بەتایبەتی دوای سەرهەڵدانی داعش و پەلاماردانی شاری کۆبانێ.
​ئەم هەنگاوە سەرەتایەک بوو بۆ ئەوەی بڵێین کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان تەنیا نییە. لە ساڵی ٢٠١٤دا، بە فەرمانی ڕاستەوخۆی سەرۆک بارزانی، هێزی پێشمەرگە نێردرا بۆ کۆبانێ و ئەو شارە لە دەست داعش ڕزگار کرا و ڕێگە نەدرا کورد لەو شارە دەربەدەر بکرێت.
​سەرکردایەتیی کورد لە باشوور بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدا بووە کورد لە ڕۆژئاوا پارێزراو بێت و بگات بە مافەکانی. لە کاتی هاتنی ئەمریکییەکانیش بۆ ڕۆژئاوا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم، بەردەوام لە هاندانی ئەمریکییەکاندا بوو بۆ ئەوەی کورد لە مەترسی بپارێزن؛ لە هەمان کاتدا کارێکی باش کرا بۆ ڕێگریکردن لە هێرشەکانی تورکیا و هاتنی گرووپە توندڕەوەکان بۆ ناوچە کوردییەکان.
​لەگەڵ کۆتاییهاتنی ڕژێمی ئەسەد و هاتنی ئەحمەد جۆلانی بۆ دەسەڵات لە سووریا، هەر لە سەرەتاوە مەترسیی گەورە لەسەر کورد هەبوو، بەڵام بە هەوڵ و دیپلۆماسیەتی نێچیرڤان بارزانی و لە ڕێگەی گفتوگۆکردن لەگەڵ دۆستەکانی ڕۆژئاوا، دەوڵەتی تورکیا و سەرکردایەتیی نوێی سووریا، توانرا کوردانی ڕۆژئاوا لە پەلاماردان و جینۆساید بپارێزرێن.
​ئەوەی لە هەمووی گرنگتر بوو، ڕووداوەکانی ئەم دواییەی سووریا بوو؛ کاتێک پەلاماری حەلەب دەستی پێکرد و شەڕ دروست بوو. هەر لە سەرەتای گرژییەکانی نێوان حکومەتی نوێی سووریا و کوردانی ڕۆژئاوا، سەرکردایەتیی باشوور، بەتایبەت نێچیرڤان بارزانی، پەیوەندیی بە چەندین دەوڵەتەوە کرد بۆ ئەوەی شەڕەکە تەشەنە نەکات و کارەساتی مرۆیی ڕوو نەدات.
​لەسەر داوای سەرۆکی هەرێم، کۆبوونەوەیەک لە نێوان نوێنەری ئەمریکا، کوردانی ڕۆژئاوا و سەرۆک بارزانی (وەک ڕەمزی نەتەوەیی) ئەنجام درا؛ تێیدا جەخت کرایەوە کە پێویستە لە ڕێگەی ئاشتی و دیالۆگەوە کورد و حکومەتی سووریا بگەنە ڕێککەوتن. بەڵام حکومەتی سووریا هەوڵی دەدا لە ڕێگەی هێرشی سەربازییەوە کورد ناچاری تەسلیمبوون بکات. دوای چەندین شەڕ و پاشەکشەی کورد بۆ ناوچە کوردییەکان، هەڕەشەکان بۆ سەر ئەو ناوچانە زیادیان کرد.
​لێرەدا سەرۆک بارزانی وەک مەرجەعێکی نەتەوەیی بە نوێنەری ئەمریکای ڕاگەیاند: “ئەگەر شەڕ نەوەستێت و کورد ڕووبەڕووی کوشتار ببێتەوە، ناتوانین تەماشاکەر بین و بە هەموو شێوەیەک ئامادەین بۆ پاراستنی ڕۆژئاوا.” ئەم پەیامە نوێنەری ئەمریکای ناچار کرد بگەڕێتەوە هەولێر و هەوڵی ئاشتی بدات، بەتایبەتی کاتێک کۆبانێ کەوتە ژێر گەمارۆ. سەرۆک بارزانی لەبەردەم میدیاکاندا ڕایگەیاند کە هێزی پێشمەرگە ئامادەیە و ئەگەر ڕێگە هەبێت، وەک ساڵی ٢٠١٤ پێشمەرگە بۆ پاراستنی شارەکە دەنێرێت.
​هەروەها سەرۆک بارزانی لە سەردانەکەیدا بۆ ئیتاڵیا و کۆبوونەوەی لەگەڵ پاپای ڤاتیکان، داوای کرد جیهان بەرامبەر پەلاماردانی کورد بێدەنگ نەبێت. پەیامێکی ڕوونی بە جیهاندا دا کە ئەگەر سووکایەتی و پەلامارەکان ڕانەوەستن، دۆخەکە ئاڵۆزتر دەبێت و ئەوەی لە تواناماندا بێت بۆ پاراستنی ڕۆژئاوا دەیکەین. ئەم پەیامە وای کرد وڵاتانی ئەوروپا و دۆستەکانمان بێنە سەر خەت و پاڵپشتیی کورد بکەن.
​لەسەر ئاستی مرۆییش، سەرۆک بارزانی فەرمانی بە دەزگای خێرخوازیی بارزانی کرد بە زووترین کات هاوکاری بگەیەننە ئاوارەکان. ئەم هەڵوێستانە بوونە هەوێنی یەکگرتوویی و خەڵکی کوردستان لە هەموو شارەکان خۆپیشاندانیان دژی داگیرکاری ئەنجام دا، تەنانەت هەندێک گەنج خۆیان گەیاندە ڕۆژئاوا بۆ بەرگریکردن.
​ئێستا چەندین سەرۆک و هێزی نێودەوڵەتی پەیوەندی بە نێچیرڤان بارزانییەوە دەکەن و سوپاسی ڕۆڵی دیپلۆماسیی ئەو دەکەن لە ڕێگریکردن لە شەڕ. ڕووداوەکانی ڕۆژئاوا جارێکی تر کوردی لەژێر یەک ئاڵا و یەک هەڵوێستدا کۆکردەوە. ئەمە پەیامێکی ڕوون بوو بۆ جیهان: کورد لە ڕۆژئاوا بێ‌خاوەن نییە و هەموو کوردێکی دڵسۆز لەگەڵیانە.

هەواڵی پەیوەندیدار

دەم هات هەرێما کوردستانێ بریارێ بدەت

دڵشاد

هەڵوێستی سەرۆک بارزانی

یاسین

به‌ره‌و حزبی ملیۆنی

یاسین