ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

ئاسۆی پەیوەندییەکانی هەولێر و ئەنقەرە

نوری بێخاڵی

لە بیست ساڵی ڕابردوو و لە ئاستی فەرمیدا، پشکی شێر لە پتەوکردن و پاراستنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا، بەر نێچیرڤان بارزانی دەکەوێت. لەو ماوەیەدا و تا ئێستا، نەخشەسازی هێڵە سەرەکی و گشتییەکانی ئەو پەیوەندییانە و ئەندازیارێکی وریا و زیتەڵەی نۆژەنکردنەوە و فراوانکردنیانە و جێدەست و نەخشی کاریگەری لە داڕشتنەوە و قووڵکردنەوە و فرەهەندکردنی ئەو پەیوەندییانەدا هەیە.

ڕۆڵ و کاریگەریی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەو پەیوەندییەدا، سەرچاوە لە ڕوانگە سیاسییە ڕۆشن و ڕاشکاوەکەی دەگرێت لە پەیوەست بە هێشتنەوەی مەودایەکی هاوسەنگ بۆ پەیوەندی لەگەڵ یار و نەیار، دۆست و دژ. ئەو ڕوانگە سیاسییەی کۆڵەگەیەکی بریتییە لەو تێگەیشتنە دروستەی کە پەیوەندی و دۆستایەتی، هێز و دڵنیایی مسۆگەر دەکەن، چ جای ئەگەر ئەم دۆستایەتی و پەیوەندییە لەسەر بنەمای متمانە و دڵنیایی دوولایەنە، ڕێزگرتن لە تایبەتمەندیی یەکتر و بەرژەوەندیی هاوبەش بێت.

لەم سۆنگەیەوە، بەردەوامیی ئەم پەیوەندییانەی ئێستای هەولێر و ئەنقەرە لەم ئاستە باڵایەدا، بەرهەمی سیاسەتی نەرم، دیپلۆماسیەتی سەرکەوتوو، دیدگای ئاشتیخوازانە و لۆژیکی سفرکردنەوەی کێشەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە و مانەوە و قووڵکردنەوەی خودی ئەم ڕوانگە و گوتارە سیاسییەش، سەرچاوەی دڵنیایی و زامنی بەردەوامبوون و بەرەپێشچوونی زیاتری ئەو پەیوەندییانەیە. پەیوەندییەک کە بنەماکەی دۆستایەتییەکی جێ متمانە و دراوسێیەتییەکی دڵنیابەخشە.

بە چاوپۆشین لە دیدار و گفتوگۆکانی بەرپرسە باڵاکانی تورکیا و عێراق لە ماوەی ڕابردوودا، ئەوەی کە دەگوترێ گوایە هەوڵی زەمینەسازیی بوون بۆ ئەم سەردانەی سەرۆک کۆماری تورکیا، بەڵام وێناچێت ئەم هاتنەی سەرۆک کۆمار بۆ بەغدا و هەولێر ڕاستەوخۆ و دوای سەردانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکا و گەڕانەوەی، بەرهەمی هاتوچۆی پێشووتری بەرپرسانی هەردوو وڵات بێت بۆ لای یەکتر، بەڵکوو زێدەتر لە پلانسازی و بەرنامەڕێژیی پێشوەختە دەچێت.

واژۆکردنی ڕێککەوتنی چوار قۆڵیی (عێراق، قەتەر، ئیمارات و تورکیا) لەسەر پڕۆژەی (ڕێگای گەشەپێدان) کە زوو یان درەنگ، ڕەنگدانەوەی بەسەر دووبارە داڕشتنەوەی نەخشەی بەرژەوەندییە ئابوورییەکان و هاوکێشەی سەنگەربەندییە سیاسییەکانی ناوچەکەدا دەبێت، ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ئەم پلانسازی و بەرنامەڕێژییە.

ئەم ڕێککەوتنە چوار قۆڵییە کە بە موبارەکەی ئەمریکا کراوە، دەسپێکی جەمسەرگیرییەکی نوێی سیاسی و سەنگەربەندیێکی تازەی ئابووری و بازرگانییە و لە داهاتوودا کاریگەریی بەسەر ئاراستەی ململانێ و هاوکێشەی ناکۆکییە هەرێمایەتی و تەنانەت نێودەوڵەتییەکانیشدا دەبێت.

کوێت ئەگەرچی بەشێک نییە لە ڕێککەوتنەکە، بەڵام دوور نییە پڕۆژەکەی بە دڵ بێت. دەمێنێتەوە سعوودیە و ئێران کە وێناچێت ئاوا بە ئاسانی لە ئاستی ئەم ڕێککەوتنە ئابووری لە ڕووخسار و سیاسی و ستراتیژی لە ناوەڕۆکدا، بێدەنگ بن و دان بەخۆیاندا بگرن. ئەمەش بابەتێکە و پێویستی بە هەڵوەستە لەسەرکردنێکی زیاتر هەیە، کە ئامانجی ئەم وتارە نییە!

ڕاستە ئەم پڕۆژەیەی بەیەک بەستینەوەی کەنداو بە ئەوڕوپا لە ڕێگای تورکیاوە بە ڕێڕەوی وشکانیی، نابێتە جێگرەوەی پڕۆژەکەی چین، بەڵام ئەمریکا بەم هەنگاوەی، عێراق لە تۆڕی چین و ڕووسیا و ئێران دوور دەخاتەوە و لە بری ڕێی (ئاوریشمین)ی چین، دەیخاتە سەر هێڵی (ئاسنین)ی خۆی!

بەهەرحاڵ، پرسیارێکی ئەم وتارە ئەوەیە: هەرێمی کوردستان دەکەوێتە کوێی ئەم هاوکێشەی پەیوەندی و ڕێککەوتنانە؟

بەپێی زانیاری و ئامارەکان، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان عێڕاق و توركیا نزیکەی ٢٠ ملیار دۆلارە و بەشی زۆر لەم جووڵە و ئاڵوگۆڕە بازرگانییەش کە بە ڕێگای وشکانییە، بەر خاكی هەرێمی کوردستان دەکەوێت. پڕۆژەی ستراتیژیی (ڕێگای گەشەپێدان)یش لە خاڵێکدا عێراق بە تورکیا دەبەستێتەوە، کە هەرێمی کوردستانە، کەواتە دیسانەوە هەرێمی کوردستان دەبێتەوە خاڵ و پردی سەرەکیی بەیەک گرێدانەوەی ئەم دوو دەوڵەتە.

لەم ڕوانگەیەوە، هەرێمی کوردستان لە هەموو هەنگاوێکی تورکیا و عێراق بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە ئابووریی و بازرگانییەکانی نێوانیان، ڕۆڵی گەورەی دەبێت. بەو واتایەی کەم و زۆر، زامنی بەردەوامی و ئاستی بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەكانی بەغدا و ئەنقەرە، پەیوەستە بە سروشت و ئاستی پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و هەولێر و ڕاددەی نزیکی و دوورییان لە یەکتری، هەر لەم چوارچێوەیەشدایە کە هاتنی سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ هەولێر، قورسایی و گرنگیی خۆی هەیە و ئاماژەیە بۆ ئەو ڕاستییەی کە هەرێمی کوردستان هێشتا چەقێکی کارای پەیوەندییە هەرێمایەتییەکانە و بایەخی جیۆستراتیژی و سیاسی و ئابووریی خۆی هەیە.

هاوشێوەی سەردان و دیدار و گفتوگۆکانی بەرپرسانی باڵای ئەنقەرە و بەغدا لە ماوەی ڕابردوودا، لەم سەردانەی سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، دووبارە پرسەکانی پاراستنی سنوور، ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەكە، تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکان بوون و بابەتە ئابووری و بازرگانییەکانیش لە پەراوێزی ئەو پرسە سەرەکییانەدا بوون، ئەم ڕاستییەش لە ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنەکاندا ڕەنگی داوەتەوە. تەنانەت هاوکێشەکە بە جۆرێکە، لێکتێگەیشتنە بازرگانی و کراونەتە ڕووپۆشێک بۆ ڕێککەوتنە سیاسی و تەناهییەکان.

بە هەموو لێکدانەوە و پێوەرەکان هەرێمی كوردستان پانتاییەکی گەورەی لە پرسی ئاسایش و ئارامی و سەقامگیریی نێوان ئەم دوو دەوڵەتەی بەردەکەوێت و تورکەکانیش باش لەوە تێگەیشتوون کە ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان، وابەستەی یەکترین و ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆیشیان لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی ئەنقەرە دەبێت. بۆیە تورکیا وەک یەکەیەک و تەواوکەری یەکتر، سەیری عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات و هیچ کامیان بە جێگرەوەی ئەوەی دیکە نابینێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

بارزانی و شۆڕشی مەزنی  ئەیلوول و دەیان دەستكەوت و شانازی هەمیشەیی

سەڵاح

پارتی و بەردەوام نوێبوونەوه‌ و متمانه‌

سەڵاح

بۆ پارتی بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ناکات؟

دڵشاد