zagros news agency

خەڵکی کوردستان متمانەیان داوەتە مەسرور بارزانی

 

فرسەت سەید شکور

ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە هەرێمی کوردستان، سەلمێنەری ئەو ڕاستییە حاشاهەڵنەگرەن کە پارتی دیموکراتی کوردستان وەک هێزی یەکەم و جێگەی متمانەی زۆرینەی خەڵک ماوەتەوە.
لە پرۆسەیەکی دیموکراسی و ئازاددا، گەلی کوردستان دەنگی خۆی بە پارتی دا، ئەمەش نیشانەی ئەو متمانە گەورەیەیە کە هاووڵاتیان بە بەرنامە و کارەکانی ئەم حزبە و حکومەتی هەرێمی کوردستانیان هەیە.

متمانەی خەڵک بۆ مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەرهەمی ئەو پڕۆژە خزمەتگوزاری و ستراتیژییانەیە کە لەم کابینەیەدا جێبەجێ کراون. لە پڕۆژەی “ڕووناکی”یەوە تا پرۆسەی بەدیجیتاڵکردنی دامودەزگاکان و بەهێزکردنی پێگەی هەرێم لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، هەموویان شایەتی ئەو ڕاستییەن کە حکومەت لەسەر ڕێچکەیەکی دروست بۆ ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی کوردستان هەنگاو دەنێت. هەروەها، ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا بە جۆرێک کە پارێزگاری لە قەوارەی هەرێم بکات، خاڵێکی تری جەوهەری ئەم سەرکەوتنانەیە.

لە بەرامبەردا، ئەو دەنگە نەشازەی کە لەلایەن بافڵ تاڵەبانی و نەیارانی حکومەتەوە دەبیسترێن، هیچ بنەمایەکی ڕاستییان نییە.

خەڵک لە ڕێگەی سندوقەکانی دەنگدانەوە وەڵامی ئەو چەواشەکارییانەیان دایەوە. نەیارانی چاکسازی و شەفافیەت، ئەوانەی بەرژەوەندیی کەسییان لەسەرووی بەرژەوەندی نیشتمانەوەیە، ناتوانن ئیرادەی گەل بگۆڕن. ئەو لایەنانەی کە هەوڵی لاوازکردنی پێگەی هەرێم و هێزی پێشمەرگە دەدەن، لەلایەن خەڵکەوە ناسراون و مێژووی “خاکفرۆشی” و خیانەتیان لەبیر ناچێتەوە.

کوردستان پێویستی بە حکومەتێکی بەهێز و سەرۆکوەزیرانێکی وەک مەسروور بارزانی هەیە کە خەمی ئاوەدانی و پاراستنی خاکی هەبێت.

گەلی کوردستان بە دەنگەکانیان سەلماندیان کە بڕوایان بەوانە نییە کە ڕۆژانە بە پلان و پیلان دەیانەوێت دەستکەوتەکانمان بفرۆشن، بەڵکو بڕوایان بە ئاوەدانی، چاکسازی و ئایندەیەکی گەشاوەتر هەیە لە ژێر سێبەری پارتی و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا.

هەواڵی پەیوەندیدار

ئەوکاتەی ئافرەت هاتە سەر فەرشی سوور

دڵشاد

‎پێگەی هەرێم لە گۆڕانکاریەکانی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستدا

دڵشاد

ڕێككەوتننامەی 11ی ئادار بناغەداری دەستكەوتەكانی دوێنی وئەمڕۆ و سبەی

سەڵاح