سۆران خاکی
وەک چۆن مێژووی پارتی پڕە لە خەبات و قوربانیدان لەپێناو مافە ڕەواکانی گەلی کورد و هەرگیز سازشی لەسەر نەکردووە، هەر ئەجێندا، بەرنامە و پلانێکیش لەم چوارچێوەیەدا بێت، بە ملیمێک لێی لانەداوە و سوور بووە لەسەر جێبەجێکردنی.
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنیش، هەریەکە لە سەرۆک مەسعود بارزانی و ڕێزدار مەسرور بارزانی هەمیشە دوو دێڕیان دووپات دەکردەوە کە تەعبیر بوون لە حوکمڕانیی داهاتووی هەرێمی کوردستان، ئەویش بریتی بوو لە: (یەک حکومەت، یەک هێزی پێشمەرگە و نەهێشتنی مافیا و بازرگانیی ماددەی هۆشبەر)؛ ئاشکرایە ئەمەش ئیرادەیەکی بەهێزی دەوێت بۆ جێبەجێکردنی.
کاتێک ئەنجامی هەڵبژاردنیش دەرکەوت و پارتی بە زۆرینەی دەنگ و ۳۹ کورسی بووە براوەی یەکەمی هەڵبژاردن، پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش وەک ڕابردوو کەوتە دەستی ئەو، بۆیە بە هەر شێوازێک بێت ئەوەی لە بانگەشەی هەڵبژاردندا گوتی، لەسەر ئەرزی واقیعیش جێبەجێی دەکات. چیدی ئەوە قبووڵناکرێت یەکێتی وەک هێزێکی بەشداربووی سەرەکی لە حکومەت، لە هەولێر شەریکی حکومەت بێت و لە سلێمانی ئۆپۆزسیۆن بێت، لە بەغداش هەوڵی لاوازکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بدات بە پیلانگێڕی و دەستتێکەڵکردن لەگەڵ ئەم و ئەو، یاخود هێزە دەستی دووەکان و شاگردەکانی ڕابسپێرێت کە لە دادگای فیدراڵی سکاڵا لەسەر حکومەتی هەرێم تۆمار بکەن.
بۆیە ئەگەر یەکێتی دەیەوێت بەشداریی حکومەت بکات، دەبێت واز لەم ئەتوارە بهێنێت، واز لەو عینادییەش بهێنێت و چیتر نەبێتە ڕێگر لەبەردەم یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە؛ ئامادە بێت هێزی کۆماندۆ و دژەتیرۆر بخاتە سەر هێزەکانی حەشدی شەعبی، بەڵام دژی ئەوە بێت بخرێنە سەر دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم.
هاوکات دەبێت سلێمانی پاک بکرێتەوە لە کارگەکانی ماددەی هۆشبەر، نەک بەبەرچاوی هەموو خەڵکەوە هێزە ئەمنییەکانی عێراق بێن و لە دەربەندیخان و ناوچەکانی دیکەی سلێمانی دەست بەسەر کارگەی ماددەی هۆشبەردا بگرن، و چیتر ئەو شارە نەبێتە ترانزێتی گواستنەوەی ماددەی هۆشبەر بۆ شارەکانی دیکەی کوردستان و عێراق.
مەسرور بارزانی هەر زوو هۆشداریی ئەوەی پێدان لە بانگەشەی هەڵبژاردندا: “ئاگاتان لە دەمتان بێت چی دەڵێن، هەندێک هێڵی سوور هەیە نەیبەزێنن بۆ ئەوەی دوای هەڵبژاردن ڕووتان هەبێت بێنەوە بەردەرگامان و بتانبوورین”، بەڵام بافڵ تاڵەبانی لەسەر ملهوڕی و سەرەڕۆییەکانی بەردەوام بوو، ئەمڕۆش دەبێت باجی ئەم ڕەفتار و کردارانەتان بدەن. ڕێککەوتنی زیندان و کورسیی بەتاڵ دادتان نادات، قەبارەی ئێوە ۲۳ کورسی زیاتر نییە و باڵانسی کورسییەکانتان بای ئەوە دەکات کە پارتی بۆتان دیاری دەکات.

