zagros news agency

لە هەولێر داستانی “مەم و زین” لە ڕێگەی موزیکەوە زیندوو دەکرێتەوە

لە چوارچێوەی گرنگیدان بە داستان و ئەدەبی کوردی و بەستنەوەی ڕابردوو بە ئێستاوە، لە شاری هەولێر کۆنسێرتێکی موزیکیی تایبەت بۆ داستانی “مەم و زین” ساز دەکرێت.

ئەم چالاکییە هونەرییە بە هاوبەشی لەگەڵ پەیمانگای گۆتەی ئەڵمانی و بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان، بەڕێوبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری لە هەولێر) پێشکەش دەکرێت.

کۆنسێرتی “مەم و زین” تەنیا بۆنەیەکی موزیکیی ئاسایی نییە، بەڵکو هەڵگری پەیامێکی قووڵی کولتوورییە. ئامانجی سەرەکی ئەم کۆنسێرتە گەڕانە بەنێو فرەڕەنگیی کولتوور و زمان، و دۆزینەوەی خاڵە هاوبەشەکانی یادەوەری، ئەدەب و هونەری کوردییە بۆ ئەوەی بە فۆرمێکی نوێ هاوشانی سەردەمی ئێستا بڕوات.

مێژووی نووسینی شاکاری دڵداری و فەلسەفی “مەم و زین” لەلایەن شاعیری ناسراوی کورد ئەحمەدی خانی بۆ ساڵی ١٦٩٢ی زایینی دەگەڕێتەوە.

ئێستا و دوای زیاتر لە سێ سەدە، موزیکژەن و ئاوازدانەر دانا محێدین لە ڕێگەی داڕشتنی ئاواز و دەنگبێژییەوە، ڕۆحێکی نوێ بەبەر دەقەکانی ئەم شاکارەدا دەکاتەوە و دەیانهێنێتەوە نێو یادگەی گوێگران.

لەم بەرهەمە هونەرییەدا، دەقە ڕەسەنەکانی مەم و زین وەک هەوێنی سەرەکی بۆ ئاوازەکان بەکارهاتوون. تایبەتمەندیی سەرەکی کارەکە لەوەدایە کە سوود لە گۆرانیی ڕەسەنی کوردی وەرگیراوە بۆ ئاوێتەکردنی ڕیتمە موزیکییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان (باکور، باشوور، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا)، بە شێوازێک کە لە قالبێکی هونەریی نوێ و مۆدێرندا پێشکەشی ئامادەبووان دەکرێت.

چالاکییەکە کاتژمێر  ٧:٣٠ی ئێوارەی رۆژی شەممەی داهاتوو لە هۆڵی رۆشنبیری هەولێر ساز دەکرێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

جامی یۆرۆ.. پورتوگال شکستی بە تورکیا هێناو گەیشتە قۆناغی داهاتوو

یاسین

کەشناسی هەرێم : لە ناوچە شاخاوییە سنووریەکان بەفر بارین دەبێت

سەڵاح

نرخی نەوت لە بازارەکانی جیهان بەرزبونەوەیان تومارکرد

سەڵاح