zagros news agency

داهاتی فیلمە نوێیەکەی مینا مەسعود 10 ملیۆن دۆلار

فیلمی نوێی ئه‌كته‌ری جیهانیی رەچەڵەک میسری، مینا مەسعود، بە ناونیشانی “Daniel and the Fiery Furnace” توانی سه‌ركه‌وتنى گه‌وره‌ له‌ بۆكس ئۆفیسدا بەدەستبهێنێت، دوای ئەوەی داهاتەکەی ۱۰ ملیۆن دۆلاری تێپەڕاند، لە کاتێکدا بودجەی بەرهەمهێنانی تەنها دوو ملیۆن دۆلار بووە.

نمایشکردنی فیلمەکە لە ۱۸ی ئەیلوولی ڕابردووەوە لە هۆڵەکانی سینەما دەستی پێکردووە، تێیدا جگە لە مینا مەسعود، ئەکتەر ئیلایجا ئەلیکساندەر و کۆمەڵێک هونەرمەندی دیکە بەشدارییان تێدا کردووە. چیرۆکی فیلمەکە لە یەکێک لە ڕووداوە ناسراوەکانی سەردەمی بابلییەوە وەرگیراوە.

مینا مەسعود جگە لە ڕۆڵی سەرەکی، ئەزموونی بەرهەمهێنانیشی لەم پڕۆژەیەدا تاقیکردووەتەوە و لەسەر داوای خۆی و بەهۆی خولیای بۆ بابەتەکە، بەشێک لە پارەی فیلمەکەی بە شێوەیەکی کەسی دابین کردووە تاوەکو بیرۆکەکەی بگەیەنێتە سەر شاشەی سینەما.

ڕووداوەکانی فیلمەکە لە چوارچێوەیەکی دراماییدا باسی کۆمەڵە کەسایەتییەک دەکەن کە سەرەڕای فشار و بەربەستەکانی دەسەڵات، سوورن لەسەر باوەڕ و بیروباوەڕی خۆیان و لە پێناو پاراستنی پرەنسیپەکانیان دەچنە ناو ململانێی سەختەوە.

ئێستا فیلمەکە لە سینەماکانی ئەمریکا، ئیندۆنیسیا و بەرازیل نمایش دەکرێت، هەروەها بڕیارە لە کۆتایی ۲۰۲٦ و سەرەتای ۲۰۲۷دا لە سینەماکانی ئەوروپا و ئەمریکای لاتین بڵاوبکرێتەوە.

لە ڕووی هونەرییەوە، هەردوو برا دانیال کۆمان و ماتیو کۆمان ئەرکی نووسین، دەرهێنان و بەرهەمهێنانی فیلمەکەیان گرتووەتە ئەستۆ. هەروەها ئەکتەران سەنجای میدا، زەکی عەلی، چاندان ڕۆی سانیال و چەندین هونەرمەندی دیکە ڕۆڵیان تێدا گێڕاوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

فەرماندەیەكی هێزی ئاسمانیی عێراق لەسەر دۆسیەی خستنە خوارەوەی درۆنێكی توركی لە كەركووك دەستگیر كرا

یاسین

کاتی پێری: پەیوەندیی لەگەڵ جاستن ترودۆ هاوسەنگی و ئارامی بەخشیوە

ART

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا دابەزی

سەڵاح