ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

فیلمه‌کانی به‌شی پێشبڕکێی یازده‌یه‌مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دهۆک ناسێندران

مەنسوور جیهانی ـ فیلمه‌کانی به‌شی پیشبڕکێی “سینه‌مای کوردی” و “سینه‌مای جیهان” له یازدەیه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “دهۆک” ده‌ستنیشان کران. 

یازدەیه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “دهۆک” Duhok بە یادی سینەماکاری کورد “یەڵماز گۆنای” دەرهێنەری براوەی خەڵاتی گەورەی “چڵە خورمای” فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان”ی فەڕەنسا (1982)، به سه‌رۆکایه‌تی “ئه‌میرعه‌لی محه‌مه‌دتاهیر”، بە دەرهێنانی هونەریی سینه‌ماکاری کورد “شەوکەت ئەمین کورکی”، به دروشمی “وه‌رزش” و “وه‌رزش بۆ هه‌مووان” و به نمایشی ١٠٧ به‌رهه‌م له سینه‌ماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان لە چوارچێوەی فیلمە بڵیندە سینەماییەکان، کورتە فیلم و بەڵگەفیلمەکان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی و هه‌روه‌ها به پشتیوانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له ڕۆژانی ٩ تا ١٦ی  کانوونی یه‌که‌می ٢٠٢٤ لە هۆڵی “کۆنگرە”ی زانکۆی دهۆک و کۆمه‌ڵه‌ی سینه‌مایی “دهۆک مۆڵ” لە شاری دهۆک لە هەرێمی کوردستان به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

ڕکابه‌ریی بۆ به‌ده‌ستهێنانی ٧ خه‌ڵاتی سه‌ر‌‌ه‌کی فێستیڤاڵ

“ڕه‌وه‌ند زه‌ید” Ravand Zaid به‌رپرسی به‌شی “سینه‌مای کوردی” یازدەیه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “دهۆک” له کۆنگره‌ی ڕۆژنامه‌وانی ئه‌م ڕووداوه سینه‌ماییه گوتی: له ڕۆژی ١٥ی حوزه‌یران/ جوونی ٢٠٢٤ وه‌رگرتنی فیلمه‌کانمان له ڕێگای ده‌رگای فیلمه‌وه‌ بۆ به‌شداریی له یازده‌یه‌مین خولی ئه‌م فێستیڤاڵه ده‌ست پێکرد و له کۆتاییدا له ڕۆژی ١ی ئه‌یلوول/ سێپته‌مبه‌ری ٢٠٢٤ ژماره‌ی ١٨٠ فیلمی کوردیمان به‌ده‌ست گه‌یشت؛ که دوای هه‌ڵسه‌نگاندن له لایه‌ن ئه‌ندامانی لێژنه‌ی هه‌ڵبژاردنی فێستیڤاڵه‌وه، ٤٦ فیلم له قۆناغی کۆتایی بۆ به‌شداریی له به‌شه‌کانی پێشبڕکێی و ده‌ره‌وه‌ی پێشبڕکێی “پانۆڕامای سینه‌مای کوردی” Kurdish Panorama ده‌ستنیشان کران که بۆ به‌ده‌ستهێنانی ٧ خه‌ڵاتی سه‌ر‌‌ه‌کی فێستیڤاڵ، له‌وانه؛ باشترین فیلم، باشترین ئه‌کته‌ری پیاو، باشترین ئه‌کته‌ری ژن، باشترین سیناریۆ، باشترین ده‌رهێنان، خه‌ڵاتی “فیپێڕشی” FIPRESCI  واته فیدڕاسیۆنی نێوده‌وڵه‌‌تی ڕه‌خنه‌گرانی فیلم و هه‌روه‌ها خه‌ڵاتی پارێزگای دهۆک، پێکه‌وه ڕکابه‌ریی ده‌که‌ن. 

فیلمه سینه‌ماییه‌کانی به‌شی پێشبڕکێی “سینه‌مای کوردی”

هه‌‌روه‌ها گوتی: له به‌شی فیلمه سینه‌ماییه‌کانی به‌شی پێشبڕکێی “سینه‌مای کوردی”، ٨ فیلمی سینه‌مایی بۆ به‌شی پێشبڕکێی سه‌ره‌کی هه‌ڵبژێردراون که بریتین له: “کچ و منداڵ” The Virgin and Child  له ده‌رهێنانی “بنه‌وشه بێریڤان” Binevsa Berivan له به‌لژیکا، “براوه‌کان” Winners له ده‌رهێنانی “سۆلین یوسف” Soleen Yusef له ئه‌ڵمانیا، “ئه‌و کاته‌ی گه‌ڵای گوێزه‌کان زه‌رد ده‌بێت” When The Walnut Leaves Turn Yellow له ده‌رهێنانی “محەممەد عه‌لی کۆنار” Mehmet Ali Konar له تورکیا، “هیوا” Hêvî له ده‌رهێنانی “ئۆڕهان ئینجێ” Orhan Ince له تورکیا، “ساکار” Sakar له ده‌رهێنانی “ئیبڕاهیم سه‌عیدی” له ئێران، “کۆچه‌ر” Caucher له ده‌رهێنانی “موشفیق شوجاعی” له ئێران، “سیناریست” Scenarist له ده‌رهێنانی “سامی سه‌باح” Sami Sabah له هه‌رێمی کوردستان و هه‌روه‌ها “ڕۆژت باش” A Happy Day له ده‌رهێنانی “هیشام زه‌مان” Hisham Zaman له نۆڕوێژ.

به‌ڵگه‌فیلمه بڵینده‌کانی به‌شی پێشبڕکێی “سینه‌مای کوردی”

به‌رپرسی به‌شی “سینه‌مای کوردی” له درێژه‌ی قسه‌کانیدا گوتی: ئه‌مساڵ بۆ به‌شی پێشبڕکێی به‌ڵگه‌فیلم، ٨ فیلم هه‌ڵبژێردراون که بۆ به‌ده‌ستهێنانی خه‌ڵاتی باشترین به‌ڵگه‌فیلم، له‌گه‌ڵ یه‌کتریی ڕکابه‌ریی ده‌که‌ن که بریتین له: “بێ‌نیشتمان وه‌کوو با” landless like the wind له ده‌رهێنانی “بورهان ئه‌حمه‌دی” له ئێران، “هێشووه‌کانی تووڕه‌یی” The Grapes of Wrath له ده‌رهێنانی “ماریا ماوتی” له ئێران، “گێلاوێ” Gelawe له ده‌رهێنانی “محه‌مه‌د حه‌مزه‌پوور” له ئێران، “خه‌ونی ڕۆژین” Rojin is Dream له ده‌رهێنانی “سروه عه‌لی وه‌یسی” له ئێران، “کوڕیی کوێستان” Son of Mountain له ده‌رهێنانی “ئیحسان که‌مه‌رخانی” له ئێران، “مه‌لافه سپییه‌کان” White Sheets له ده‌رهێنانی “زانیار عه‌زیزی” له ئێران، “وتووێژیی ژنان” GotûbêJin له ده‌رهێنانی “نیعمه‌ت قه‌تار” Nimet Gatar له تورکیا و هه‌روه‌ها “ئیسماعیلی ئێمه” Our Ismail له ده‌رهێنانی هاوبه‌شی “فاتین کانات” Fatin Kanat و “ئۆندێر ئینجه” Önder İnce له تورکیا.

کورته فیلمه‌کانی به‌شی پێشبڕکێی “سینه‌مای جیهان”

“سامان مسته‌فا” له کۆتایی کۆنگره‌ی ڕۆژنامه‌وانی یازدەیه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “دهۆک” ڕایگه‌یاند: له به‌شی کورته فیلمی چیرۆکیش ١١ فیلم له به‌شی پێشبڕکێی سه‌ره‌کی هه‌ڵبژێردراون و بۆ به‌ده‌ستهێنانی خه‌ڵاتی باشترین کورته فیلم له‌گه‌ڵ یه‌کتریی ڕکابه‌ریی ده‌که‌ن که بریتین له: “لۆمێنی سروشتی” Lumen Naturae له ده‌رهێنانی “ئاڕتوور سوکیاسیان” Arthur Sukiasyan له ئه‌رمه‌نیا، “له‌و کاته‌وه، من سه‌رقاڵی فڕین بووم” Ever Since, I Have Been Flying له ده‌رهێنانی “ئایلین گۆکمێن” Aylin Gokmen له سویسڕا، “دڵۆپی کارگا” Factory Drop له ده‌رهێنانی “پێتجا پۆلکڕابێک” Petja Pulkrabek له ئه‌ڵمانیا، “پۆنتێر” Punter له ده‌رهێنانی “جێسۆن ئادام مازێل” Jason Adam Maselle  به‌رهه‌می هاوبه‌شی ئه‌فریقای باشوور و ئه‌مه‌ریکا، “ڕۆژێکی زه‌ماوه‌ند” A Wedding Day له ده‌رهێنانی “ئه‌شره‌ف ئه‌جراوی” Achraf Ajraoui له فه‌ڕه‌نسا، “ماڵه‌وه ١١٧ کیلۆمه‌تر دوورتره” Home is 117 km Away له ده‌رهێنانی “ماڕتا سمێرچینسکا” Marta Smerechynska له ئۆکڕاین، “نزیکه‌ی به‌شێوه‌ی سه‌تاسه‌د ناڕاست” Almost certainly false له ده‌رهێنانی “کانسۆ بایدار” Cansu Baydar له تورکیا، “چ که‌سێک هه‌تاویی خۆش ده‌وێت” Who Loves the Sun له ده‌رهێنانی “عه‌ڕشیا شه‌کیبا” له که‌نه‌دا، “خابۆر” Khabur له ده‌رهێنانی “نه‌فیسه فه‌تحوڵڵازاده‌” به‌رهه‌می هاوبه‌شی ئێران و ئه‌ڵمانیا، “ناقیس یه‌ک” Minus One له ده‌رهێنانی “فوڕات ئۆزمێن” Ferhat Ozmen له تورکیا و هه‌روه‌ها “پاش بیست و یه‌ک حه‌توو” 21 Weeks Later له ده‌رهێنانی “نه‌سرین محه‌مه‌دپوور” له ئێران.

پردی پەیوەندیی نێوان دەرهێنەرە کوردەکان و سینەماکارانی جیهان

فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “دهۆک” بە یادی سینەماکاری کورد “یەڵماز گۆنای”  دەرهێنەری براوەی خەڵاتی گەورەی “چڵە خورمای” فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان”ی فەڕەنسا (1982) و بە مەبەستی پردی پەیوەندیی نێوان دەرهێنەرە کوردەکان و سینەماکارانی سەرتاسەری جیهان و هەروەها ڕەخساندنی ئاڵووگۆڕی کەلتووری نێوان نەتەوەکانی دنیا دامەزراوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

داهاتی “Poor Things” لە داهاتی “Poor Things” لە سینەماکانی جیهانداسینەماکانی جیهاندا

ART

فەزڵ شاکر بەرهەمێکی نوێ بڵاودەکاتەوە

ART

وەرزی دووەمی “House of the Dragon” بڵاودەکرێتەوە

ART