بە ئامادەبوونی حەمەی حەمەسەعید، وەزیری رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دامەزراوەی “کەریمی عەلەکە” رێوڕەسمێکی بۆ رێزلێنان لە نووسەر محەممەد ئەمین پێنجوێنی سازکرد.
رێوڕەسمەکە رۆژی دووشەممە، بە ناونیشانی “ئەزموونی قەڵەمێک لە پێناو ئاشتی و جوانیدا”، بەڕێوەچوو، تێیدا وەزیری رۆشنبیری و لاوان خەڵاتی رێزلێنانی وەزارەت و دامەزراوەی کەریمی عەلەکەی پێشکەش بە محەمەد ئەمین پێنجوێنی کرد.
فیچەرێک لە بارەی ژیان و دیدی نووسەر پێشکەشکرا و نوێترین بەرهەمی شیعریی ناسێندرا و کەژاڵ ئەحمەدی شاعیر، خوێندنەوەی بۆ کتێبەکەی کرد.
لە رێوڕەسمەکەدا، کە لە هۆڵی رێکخراوی ئازادبوون لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتیییە سیاسیی و رۆشنبیری و هونەریی سلێمانی ئامادە بوون.