مەنسوور جیهانی – براوه‌کانی حه‌فتا و پێنجه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “بەرلیناله” ناسێندران و فیلمی سینەمایی “خه‌یاڵ” Dreams له ده‌رهێنانی “داگ یۆهان داگرۆد” له وڵاتی نۆڕوێژ، خه‌ڵاتی “ورچی زێڕین”ی باشترین فیلمی به‌ده‌ستهێنا.
ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی به‌شی “پێشبڕکێی سه‌ره‌کی” له‌م ڕووداوه گرینگ و پله یه‌که‌ی سینه‌مای جیهان که بریتی بوون له: “تۆد هینز” Todd Haynes سیناریۆنووس و ده‌رهێنه‌ر – سه‌رۆکی لێژنه‌ی دادوه‌ران له وڵاتی ئه‌مه‌ریکا، “نه‌بیل عه‌یووش” Nabil Ayouch ده‌رهێنه‌ری مه‌غریبی و دانیشتووی وڵاتی فه‌ڕه‌نسا، خاتوو “فه‌ن بینگ‌بینگ” Fan Bingbing ئه‌کته‌ر له وڵاتی چین، خاتوو “بینا دیگلێر” Bina Daigeler دیزاینه‌ری جلووبه‌رگ له وڵاتی ئه‌ڵمانیا، “ڕۆدریگۆ مۆرێنۆ” Rodrigo Moreno ده‌رهێنه‌ر له وڵاتی ئه‌ڕژه‌نتین، خاتوو “ئێمی بیکلسۆن” Amy Nicholson ڕه‌خنه‌گری فیلم له وڵاتی ئه‌مه‌ریکا و هه‌روه‌ها خاتوو “ماریا شرێدێر” Maria Schrader ئه‌کته‌ر و ده‌رهێنه‌ر له وڵاتی ئه‌ڵمانیا؛ ده‌نگه‌کانی خۆیان به‌م شێوه‌یه ڕاگه‌یاند:
خه‌ڵاتی “ورچی زێڕین”
خه‌ڵاتی “ورچی زێڕین”ی باشترین فیلم به فیلمی سینەمایی “خه‌یاڵ” Dreams له ده‌رهێنانی “داگ یۆهان داگرۆد” Dag Johan Haugerud و له به‌رهه‌مهێنانی هاوبه‌شی “ینگڤ شێتر” Yngve Sæther و “هێگ هۆف هڤاتۆم” Hege Hauff Hvattum له وڵاتی نۆڕوێژ به‌خشرا.
خه‌ڵاتی گه‌وره‌ی “ورچی نوقره‌یی” لێژنه‌ی دادوه‌ران
خه‌ڵاتی گه‌وره‌ی “ورچی نوقره‌یی” لێژنه‌ی دادوه‌ران له‌م خوله‌ی فێستیڤاڵ به فیلمی سینه‌مایی “ڕێگه‌ی ئاویی” The Blue Trail له ده‌رهێنانی “گابرێل ماسکارۆ” Gabriel Mascaro به‌رهه‌می هاوبه‌شی وڵاتانی بڕازیل، مه‌کزیک، شیلی و هۆڵه‌ندا پێشکه‌ش کرا.
خه‌ڵاتی “ورچی نوقره‌یی” لێژنه‌ی دادوه‌ران
خه‌ڵاتی “ورچی نوقره‌یی” لێژنه‌ی دادوه‌رانیش به فیلمی سینه‌مایی “په‌یام” The Message له ده‌رهێنانی “ئیڤان فۆند” Iván Fund به‌رهه‌می هاوبه‌شی وڵاتانی ئا‌ڕژانتین، ئیسپانیا و ئۆرۆگۆئه به‌خشرا.
خه‌ڵاتی “ورچی نوقره‌یی” باشترین ده‌رهێنان
خه‌ڵاتی “ورچی نوقره‌یی” باشترین ده‌رهێنانی حەفتا و پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی “بەرلیناله” به “هۆ مێنگ” Huo Meng بۆ ده‌رهێنانی فیلمی سینه‌مایی “ژیان له نیشتمان” Living the Land به‌رهه‌می وڵاتی چین پێشکه‌ش کرا.
خه‌ڵاتی “ورچی نوقره‌یی” باشترین ئه‌کته‌ریی ڕۆڵی یه‌که‌م
خه‌ڵاتی “ورچی نوقره‌یی” باشترین ئه‌کته‌ریی داهێنه‌ر و پێشڕه‌ویی ڕۆڵی یه‌که‌م به خاتوو “ڕۆز بێڕن” Rose Byrne بۆ ڕۆڵ بینین له فیلمی سینه‌مایی “ئه‌گه‌ر قاچم هه‌بایه شه‌قێکم لێده‌دای” If I Had Legs I’d Kick You له ده‌رهێنانی “مێری برۆنشتاین” Mary Bronstein له وڵاتی ئه‌مه‌ریکا به‌خشرا.
خه‌ڵاتی “ورچی نوقره‌یی” باشترین ئه‌کته‌ریی ڕۆڵی ته‌واوکه‌ر
خه‌ڵاتی “ورچی نوقره‌یی” باشترین ئه‌کته‌ریی ڕۆڵی ته‌واوکه‌ر به “ئێندڕۆ سکۆت” Andrew Scott بۆ ڕۆڵ بینین له فیلمی سینه‌مایی “مانگی شین” Blue Moon له ده‌رهێنانی “ریچارد لینکلێتێر” Richard Linklater به‌رهه‌می هاوبه‌شی وڵاتانی ئه‌مه‌ریکا و ئیرله‌ندا به‌خشرا.
خه‌ڵاتی “ورچی نوقره‌یی” باشترین سیناریۆ
خه‌ڵاتی “ورچی نوقره‌یی” باشترین سیناریۆ به “رادۆ جۆدێ” Radu Jude بۆ نووسینی سیناریۆی فیلمی سینه‌مایی “کۆنتینێنتاڵ ٢٥” Kontinental ’25 به‌رهه‌می هاوبه‌شی وڵاتانی ڕۆمانیا، هه‌نگاریا و ئه‌ڵمانیا پێشکه‌ش کرا.
خه‌ڵاتی “ورچی نوقره‌یی” بۆ باشترین هاوبه‌شی هونه‌ریی به‌رچاو
و هه‌روه‌ها خه‌ڵاتی “ورچی نوقره‌یی” بۆ باشترین هاوبه‌شی هونه‌ریی به‌رچاو به گرووپی خوڵقێنه‌ری فیلمی سینه‌مایی “تاوه‌ری سه‌هۆڵ” The Ice Tower له ده‌رهێنانی “لۆسێل هالیلۆویچ” Lucile Hadžihalilović به‌رهه‌می هاوبه‌شی وڵاتانی فه‌ڕه‌نسا و ئه‌ڵمانیا به‌خشرا.
حەفتا و پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی “بەرلیناله” Berlinale به به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خاتوو “تریشیا تۆتێل” Tricia Tuttle لە چەندین بەشی ڕکابه‌ری و کێبڕکێدا، لەوانە؛ بەشی کێبڕکێی و ڕکابه‌ریی “سەرەکی”، به‌شی پێشبڕکێی تازه‌ی “ڕوانینه‌کان” Perspectives، بەشی کێبڕکێی “ڕووبەڕووبوونەوەکان” Encounters، بەشی کێبڕکێی “نەوەکان” Generations، بەشی کێبڕکێی “فۆرۆم” واته “مەکۆ” Forum، بەشی “کورتە فیلم”، بەشی فیلمی بەڵگەنامەیی و چەندین بەشی ده‌ره‌وه‌ی ڕکابەری لەوانە؛ بەشی “پانۆراما”، بەشی تایبەتی “گاڵا”، بەشی تایبەتی “به‌رلیناله”، بەشی “نمایش‌کردنی سینەمای کلاسیک” و هتد لە رۆژانی ١٣ تا ٢٣ی شوباتی ٢٠٢٥ له سینه‌ماکانی شاری بەرلین له وڵاتی ئەڵمانیا بەڕێوە‌چوو.