لە هوڵی راگەیاندنی بەشی رۆشنبیری و راگەیاندنی پ.د.ک لە هەولێر، لە رێوڕەسمێکدا بەڵگەفیلمی “کەرکووک تەعریبی بەردەوام” نمایشکرا.
لە نمایشەکەدا سیداد بارزانی، مەحموود محەممەد، ئەندامانی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی (پ.د.ک)، د.سالار عوسمان، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی بەشی رۆشنبیری و راگەیاندن، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، د.شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، نینۆس نەمرود، سەرپەرشتیاری تۆڕی میدیایی کوردستان، یاریدەدەرانی بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای کەرکووک-گەرمیان، ژمارەیەکی بەرچاو لە راگەیاندنکار، رۆشنبیر و نووسەران ئامادەبوون.
دەستپێکی ڕێوڕەسمەکە بە سروودی “ئەی رەقیب” و وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستیپێکرد.
لە گوتارێکدا وێڕای بەخێرهێنانی میوانەکان، د. سالار عوسمان، ئاماژەی بەوەکرد؛ دەکرێت لە رێگەی ئەم بەڵگەفیلمەوە، بە دنیا بڵێین ئەمە زامەکانی میللەتی ئێمە و هەروەها ئەمەش چارەسەرییەکانە، ئەم بەڵگەفیلمە خەم و ناسۆری گەلێکی ئاشتیخواز نیشاندەدات، بۆیە زۆر جێگەی بایەخە.
بەرپرسی بەشی رۆشنبیری و راگەیاندن، وێڕای دەستخۆشیی لە محەممەد حاجی قادر، بەرهەمهێنەری فیلمەکە، گوتی: هیوادارین نموونەی زیاتر بێت، تاوەکوو حەقیقەتەکانی تەعریب و داگیرکاری وەک خۆی بگاتە هەموو دنیا.
دواتر، محەممەد حاجی قادر، بەرهەمهێنەری فیلم، تیشکی خستە سەر قۆناغەکانی بەرهەمهێنانی فیلمەکە و ئامانجەکانی ئەم فیلمەی بۆ ئامادەبووان خستەڕوو.
دواتر، بەڵگەفیلمی “کەرکووک تەعریبی بەردەوام” لە ئامادەکردنی تۆڕی میدیایی کوردستان، نمایشکرا، تێیدا لەماوەی یەک کاتژمێری فیلمەکە چەندین رێگە و قۆناغی جیاواز بۆ تەعریبی کەرکووک لە فیلمەکەدا خرانەڕوو، بەرهەمهێنەری فیلم لەم فیلمەدا گەشتێکی درێژخایەنی بۆ شاری کەرکووک کردووە، سەردانی بەشێکی زۆری قەزا و ناحیە و گوندەکانی کەرکووکی کردووە، لە نزیکەوە رێکار و هەنگاوەکانی پرۆسەی تەعریبی لە شارەکە تۆمارکردووە، وێڕای ئەوەی چاوپێکەوتنی لەگەڵ هاووڵاتیانی ناوچەکە ئەنجامداوە.