لە پارێزگای هەڵەبجە پێنجەم کۆنفرانسی نێودەوڵەتی زانستیی بە ناونیشانی “کیمیاویبارانی هەڵەبجە رەهەند و لێکەوتەکانی” بەڕێوەچوو.
کۆنفرانسەکە لە لایەن زانکۆی هەڵەبجە، کۆلیژی زانستە مرۆڤایەتییەکانەوە سازکرابوو، تێیدا ژمارەیەک توێژینەوەی زانستیی لە بارەی رەهەند و لێکەوتەکانی کیمیابارانی هەڵەبجە پێشکەش کران.
وەزیری رۆشنبیری و لاوان، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگای هەڵەبجە و سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە و ژمارەیەک لە کەسایەتیی و رۆشنبیرانی پارێزگاکە لە کۆنفرانسەکەدا ئامادەبوون.
تاوانی کیمیابارانی هەڵەبجە لە 16ی ئازاری 1988 بووە هۆی شەهیدبوونی زیاتر لە پێنج هەزار منداڵ و ژن و گەنج و بەساڵاچووی شاری هەڵەبجە، شارەزوو و هەورامان و هێشتا ژمارەیەک لە بریندار و بەرکەوتووانی گازی کیمیاوی پێویستیان بە چارەسەری پزیشکی هەیە.
زانکۆی هەڵەبجە، لە چوارچێوەی چالاکییە زانستییەکانیدا، ساڵانە کۆنفرانسی زانستیی تایبەت بە لایەنە جیاجیاکان و لێکەوتەکانی تاوانی کیمیابارانی شارەکە ساز دەکات.
وەزیری رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی ئامادەبوونی لە کۆنفرانسەکەدا، سوپاسی سەرۆکایەتیی زانکۆی هەڵەبجە و توێژەر و ئەکادیمیانی بەشداربووی کۆنفرانسەکەی کرد، لە پای هەوڵەکانیان بۆ توێژینەوە و بەدواداچوونی لێکەوتەکانی ئەو تاوانە لەسەر ژیان و ژینگەی سنووری پارێزگاکە.

