بە ئامادەبوونی حەمەی حەمەسەعید، وەزیری رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، چوارەم دیداری مەحموود خانی دزڵی بەڕێوەچوو.
دیدارەکە بە درووشمی “مەحموود خانی دزڵی تێکۆشەرێکی تینووی ئازادی و برایەتی” لە لایەن رێکخراوی کولتووری “یانە و سیاچەمانەی” بە بۆنەی یادی 106 ساڵەی ئازادکردنی شاری سلێمانی رێکخرابوو.
لە دیدارەکەدا، کە لە هۆڵی مۆنۆمێنتی شەهیدانی هەڵەبجە بەڕێوەچوو، پانێلێک رێکخرا و د. رەنجدەر محەمەد عەزیز، شنۆی شێخ حەفید و سەروەر ئەحمەد کەریم بە خستنەڕووی لایەنە جیاجیاکانی ژیان و تێکۆشانی مەحموود خانی دزڵی و هاوکاریکردنی شۆڕشی شێخ مەحموودی حەفید و ئازادکردنی شاری سلێمانی لە لایەن هێزەکەی مەحموود خانی دزڵییەوە لە دەستی ئینگلیزەکان بابەتەکانیان خستەڕوو.
مەحموودخانی دزڵی (1870-1946) کەسایەتییەکی شۆڕشگێڕ و نیشتمانیی سنووری هەورامانە، لە رووداوەکانی سەرەتاکانی سەدەی بیستەم لە سنووری باشووری کوردستان رۆڵ و کاریگەرییەکی بەرچاوی هەبووە. لە یەک کاتدا دژی دەسەڵاتدارێتی رەزاشای پەهڵەوی و داگیرکەری بەریتانی خەباتی کردووە و بە سەرۆکایەتیی زیاتر لە 300 سوارەی هەورامان، توانی شاری سلێمانی لە دەستی ئینگلیزەکان ڕزگار بکات و ببێتە پشتیوانێکی سەرەکی شۆڕشەکەی شێخ مەحموودی حەفید.
لە دڵسۆزی بۆ خەباتی رزگاریخوازی و وەستانەوەی دژی ستەمی داگیرکاران بەردەوام بووە و دوای دەستگیرکرانی شێخ مەحموودی حەفید، هاوکاری بنەماڵەی حەفیدی کردووە و لە شاری مەریوان پێشوازی لێکردوون. رەفیق حیلمی، کەسایەتیی دیار و ڕۆشنبیری سەردەمی شۆڕشی شێخ مەحموودی حەفید، لە بیرەوەرییەکانیدا، مەحموودخانی دزڵی بە پاڵەوانی شۆڕشی یەکەمی شێخ مەحموود وەسف دەکات.

