قەرەنی جەمیل، شێوەکاری ناسراوی کورد، لە تەمەنی 71 ساڵیدا ماڵئاوایی لە ژیان کرد.
هونەرمەند بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی هەولێر کۆچی دواییکرد.
قەرەنی جەمیل، لە 1954 لەشاری هەولێر لەدایکبووە، ساڵی 1977 بڕوانامەی دبلۆمی لە پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی بەغدا بەدەستهێناوە، ساڵی 1984 کۆرسی یەک ساڵەی (لیتۆگراف)ـی لە بەرشلۆنە – ئیسپانیا تەواوکردووە.
هونەرمەند ساڵی 1977 یەکەمین پێشانگەی تایبەتی لە هۆڵی (ئەیوبیە)ـی شاری هەولێر کردووەتەوە، لە 1985 دووەمین پێشانگەی تایبەتی لە هۆڵی (پرات دی لوجانێر) لە بەرشلۆنەی ئیسپانیا بووە.
قەرەنی جەمی ساڵی 1988 سێیەمین پێشانگەی تایبەت لە شاری ئەلمونێیەری ئیسپانیا و 1991 چوارەمین پێشانگەی تایبەت لە هۆڵی (ئەلحەنەش) لە ڤالێنسیای ئیسپانیا بووە.
بە دەیان پێشانگەی تایبەت و هاوبەشی هەبووە کە لە کوردستان و وڵاتانی جیهان کراونەتەوە. سەرنوسەری گۆڤاری “شێوەکاری” بووە.

