پیشەسازیی سینەما و تەلەڤزیۆن لە هۆلیوود رووبەڕووی شەپۆلێکی ئاڵۆزی و فشاری گەورە بووەتەوە، بەهۆی بەرزبوونەوەی نائاسایی تێچووی بەرهەمهێنان. ئەم دۆخە کۆمپانیا گەورەکانی ناچار کردووە ژمارەی پڕۆژەکانیان کەم بکەنەوە و پلانی کاری نوێ دوابخەن. ئەم پەرەسەندنە دوای ئەو مانگرتنە گەورانە دێت کە ساڵی رابردوو کەرتەکەی گرتەوە و کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر خشتەی کار و تێچووەکان بەجێهێشت.
بەگوێرەی راپۆرتێکی “فاینانشەڵ تایمز”، کارەکان لە دوای مانگرتنەکان نەک هەر نەگەڕاونەتەوە دۆخی ئاسایی خۆیان، بەڵکو ئاڵۆزتر و پڕتێچووتریش بوون. هاوکات، گۆڕانکاری لە رەفتاری بینەران و زیادبوونی وریایی پلاتفۆرمە جیهانییەکانی وەک نێتفلیکس و دیزنی لە وەبەرهێنان لە ناوەڕۆکی نوێدا، بووەتە هۆی کەمبوونەوەی هەلی کار بۆ نووسەران، دەرهێنەران و تەکنیکاران.
شیکەرەوان پێیان وایە پیشەسازییەکە بە قۆناغێکی گواستنەوەی سەختدا تێپەڕ دەبێت، کە تێیدا پێداچوونەوە بە مۆدێلەکانی بەرهەمهێنان و دابەشکردندا دەکرێت. لەم نێوەندەدا، کێبڕکێی تووندی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان و گۆڕانی ئارەزووی بینەران، هۆڵیوودی ناچار کردووە جارێکی دیکە بیر لە کارە لەپێشینەکانی بکاتەوە، بۆ ئەوەی خۆی لە قەیرانێکی درێژخایەن بپارێزێت کە رەنگە پێگەی جیهانیی بخاتە مەترسییەوە.

