بە ئامادەبوونی ئاریان سەلاحەدین، بریکاری وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بنەماڵە و کەسوکار و هونەرمەند و رۆشنبیرانی هەولێر، رێوڕەسمێکی تایبەت لە چلەی کۆچی دوایی هونەرمەند قەرەنی جەمیل بەڕێوەچوو.
رێوڕەسمەکە کاتژمێر (5:00)ی ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، لە هۆڵی پێشەوا لە دیوانی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان سازکرا، تێیدا بریکاری وەزارەت لە وتارێکدا، وێڕای ئاوڕدانەوە لە خزمەت و داهێنانە هونەرییەکانی هونەرمەندی کۆچکردوو، جەختی لەسەر گرنگیدانی زیاتر لە هونەرمەندان و رۆشنبیرانی کوردستان کردەوە.
هونەرمەندی شێوەکاری کورد، قەرەنی جەمیل حەسەن، رۆژی 3ـی حوزەیرانی 2025 لە تەمەنی 71 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
هونەرمەند قەرەنی جەمیل، یەکێک لە هونەرمەندە دیار و بەرجەستەکانی مێژووی هونەری شێوەکاری کوردی بوو. لە رێگەی ئەفراندن و بەرهەمە ناوازەکانییەوە هونەری شێوەکاری کوردیی گەیاندبووە ترۆپکی داهێنان و نەمری.
قەرەنی جەمیل حەسەن لە 1954 لە شاری هەولێر لەدایکبووە، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی لە هەولێر تەواوکردووە. لە ساڵی1976 – 1977 پەیمانگەی هونەرە جوانەكان بەشی شێوەکاری لە بەغدا تەواوكردووە. پاش تەواوکردنی پەیمانگە لە ساڵانی 1977 – 1978 دەبێتە مامۆستای قوتابخانەی سەرەتایی لە گوندی (روستێ)، بەڵام پاش چۆڵكردنی ئەم گوندە لەلایەن حكومەتی بەعسەوە، لە ساڵانی 1978 – 1979 دەگوازرێتەوە قوتابخانەی سەرەتایی گوندی (ناوڕۆیین) لە شارۆچکەی دیانا.
لە 1979 کوردستان بەجێدەهێڵێت و دەچێتە ئیتاڵیا، تا ساڵی 1984 لە ئیتاڵیا دەمێنێتەوە و لەوێش هەر درێژە بە کاری هونەریی شێوەكاری داوە و بە کارە هونەرییەکانی ژیاوە.
لە 1984 لە ئیتاڵیاوە بەرەو ئیسپانیا رۆیشتووە، تاكوو ساڵی 2003 هەر لەوێ كاری هونەریی كردووە و لەو ساڵەدا گەڕاوەتەوە کوردستان و ئەرکی سەرنووسەری گۆڤاری شێوەکاری راپەڕاندووە و لە پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی هەولێریش لە بەشی شێوەكاری بووەتە مامۆستا.
قەرەنی جەمیل سەر بە هیچ رێبازێکی دیاریکراوی هونەری نییە و بە گوتەی خۆی تابلۆکانی زادەی زەین و خەیاڵییەتی، ئەوەی دەگاتە خەیاڵی بە فڵچە و بۆیە دەیانکاتە تابلۆیەکی هونەری.

