ڕۆژی سێشەممە، ٩ـی ئەیلوولی ٢٠٢٥، لە شاری هەولێر و لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا، “قەڵەمی زێڕین” پێشکەش بە نووسەر و ڕۆژنامەنووسی دێرین، ئازاد عەبدولواحید کرا، وەک ڕێزلێنانێک بۆ زیاتر لە ٥٠ ساڵ خزمەتی بەردەوامی بە ئەدەب و زمانی کوردی.
ڕێوڕەسمەکە لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیری و پارێزگای هەولێرەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای کلتووریی یاد ڕێکخرابوو.
لە میانی ڕێوڕەسمەکەدا کە بە ئامادەبوونی فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بەڕێوەچوو، کتێبێک لەبارەی ژیان و بەرهەمەکانی ئازاد عەبدولواحید بە ناونیشانی “ئەستێرەیەک کە لە درەوشانەوە ناکەوێ” ناسێنرا.
پارێزگاری هەولێر لە وتارێکدا ڕۆڵی گرنگی ناوبراوی لە بزاڤی ڕۆشنبیریی کوردیدا بەرز نرخاند، بەتایبەتیش ٢٥ ساڵ سەرنووسەریی گۆڤاری “ڕامان”.
ئازاد عەبدولواحید خاوەنی زیاتر لە ٤٢ کتێبی چاپکراوە و تا ئێستاش بەردەوامە لە نووسین.

