zagros news agency

بە دروشمی “کوردستان و ڕاگەیاندنی سەردەم” سێیەمین فێستیڤاڵی خانی لە دهۆک دەستیپێکرد

رۆژی یەکشەممە ٥ـی ١٠ـی ٢٠٢٥ ناوەندی ڕۆشنبیریی و ڕاگەیاندنی خانی لە دهۆک، لەژێر دروشمی “کوردستان و ڕاگەیاندنی سەردەم” رێوڕەسمی سێیەمین فێستیڤاڵی خانی لە شاری دهۆک دەستی پێ کرد و فێستیڤاڵەکە ماوەی دوو ڕۆژ دەخایەنێت.

رێوڕەسمەکە بە ئامادەبوونی سەربەست لەزگین ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای دهۆک، د.سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک و هەریەک لە سەباح بەیتوڵڵا و د. ڤیان سولەیمان یاریدەدەرانی بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی دهۆک و بەرپرسانی لقەکانی یەک و هەژدەی پارتی و ژمارەیەک لە بەرپرسان و نوێنەرانی دامودەزگاکانی حزبی و ئیداریی و لەشکری لە دەڤەرەکە و ژمارەیەکی زۆر ئەدیب و نووسەر و رۆژنامەنووس و ڕۆشنبیرانی هەر چوار پارچەی کوردستان لە هۆڵی کۆنفرانسەکانی سەرۆکایەتیی زانکۆی دهۆک دەستیپێکرد. 

ئیحسان ئامێدی بەڕێوەبەری ناوەندی ڕۆشنبیریی و ڕاگەیاندنی خانی گوتی: دروشمی ئێمە لەم فێستیڤاڵەدا دیارە ئەویش “کوردستان و ڕاگەیاندنی سەردەم” و هیوای من ئەوەیە بتوانین خوێندنەوەیەکی نوێ بدەین بە دۆخی میدیا لە کوردستان و خۆمان لەگەڵ پێشکەوتنی ئێستا بگونجێنین، بە تایبەتیش هەبوونی ئامێرە نوێیەکانی ڕاگەیاندن، هەروەها زیرەکیی دەستکرد.

دواتر، بە نوێنەرایەتیی پارێزگاری دهۆک، ماجید سەید ساڵح جێگری پارێزگار گوتارێکی پێشکەشکرد و گوتی: پیرۆزباییەکی گەرم لە ناوەندی ڕۆشنبیریی و ڕاگەیاندنی خانی دەکەین بە بۆنەی دەستپێکردنی ئەم فێستیڤاڵە و دووپاتی دەکەینەوە کە ئێمە وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان و کارگێڕیی پارێزگاکەمان بەردەوام پاڵپشت و پشتیوانیی هەر جۆرە چالاکییەکی ڕۆشنبیری و هونەریی دەبین.

پاشان، د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی رۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە گوتارەکەیدا گوتی: سێیەمین فێستیڤاڵی خانی لە دهۆک گرنگییەکی تایبەتی لە لای ئێمە وەک بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی هەیە و ئێمە پاڵپشت و پشتیوانین و دەستخۆشیی لەو بەڕێزانە دەکەین کە ماندوو بوون و ئەم فێستیڤاڵەیان رێکخستووە و هەڵبژاردنی ئەم دروشمە “کوردستان و ڕاگەیاندنی سەردەم” گرنگییەکی تایبەت و پڕ لە واتای لە لای ئێمە هەیە.

هەروەها بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن گوتی: پێویستە ڕاگەیاندنکاران و نڤیسکاران، تێکۆشەران لەم قۆناغەدا قووڵتر بیربکەنەوە قووڵتر بەرهەمداریی بکەن و قووڵتریش سبەینێکی باشتر بۆ نەوەکان بخوڵقێنن.

دواتر فیلمێکی دۆکیۆمێنتاری لەسەر کار و چالاکییەکانی ناوەندی ڕۆشنبیریی و ڕاگەیاندنی خانی و ئۆرگانەکانی نمایش کرا. پاشان، ئاهەنگێکی هونەری بە بەشداریکردنی هونەرمەندان عابد دهۆکی و رۆژ کۆبانی گێڕدرا، دواتریش کتێبە چاپکراوەکانی ناوەندی ڕۆشنبیریی و ڕاگەیاندنی خانی، هاوتا لەگەڵ ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی نمایش کران.

یەکێکی دیکە لە بڕگە گرنگەکانی ڕێوڕەسمەکە، بەڕێوەچوونی چەند پانێڵێک بوو، کە تایبەت بوون بە دیالۆگ و وتوێژ لەبارەی ڕاگەیاندن بەگشتی.

 

لە پانێڵی یەکەمدا هەریەک لە هندرین ئەحمەد، بە نێونیشانی “پەیامی ڕاگەیاندنی کوردی لە ڕووی سیاسییەوە” و د. زوبەیدا سەید ساڵح، بە نێونیشانی “بەرپرسیاریەتی کۆمەڵایەتیی ڕاگەیاندنی کوردی”، هەروەها دەنیز دارگۆل، لە باکووری کوردستان، بە نێونیشانی “پەیامی ڕاگەیاندنی کورد/ لایەنی کلتووری” بۆ ئامادەبووان خستە ڕوو، ئاهوورا کوردستانی پانێڵی یەکەمی فێستیڤاڵەکەی بەڕێوەبرد.

لە پانێڵی دووەمدا، کە بەفرین سەلمان بەڕێوەی برد، هەریەک لە زەردەشت ئەحمەد رەشید، و ئەحمەد زاوێتەیی و فەهمی باڵایی، سەرنج و دیدگای خۆیان لەبارەی ڕاگەیاندنی کوردی و دەلیڤە و ئاستەنگەکانی بۆ میوانانی فیستیڤاڵەکە خستەڕوو.

پانێڵی سێیەم و کۆتایی تایبەت کرابوو بە ڕۆڵی ڕاگەیاندن لە هۆشیاری نەتەوەییدا، ئەم پانێڵە لەلایەن هەڵکەفت عەبدلواحید بەڕێوەبرا، لال لالش، لە باکووری کوردستان لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانس بابەتەکەی پێشکەشکرد و هەروەها د. ئیبتسام ئیسماعیل قادر، لە باشووری کوردستان و د. رێزوان بادینی، لە رۆژئاوای کوردستان و هۆشەنگ تاجر، لە رۆژهەڵاتی کوردستان تێروانینی خۆیان لەبارەی ڕۆڵە گرنگەکانی ڕاگەیاندن بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری نەتەوەیی بۆ ئامادەبووان خستەڕوو.

لە کۆتایی هەر پانێڵێکیشدا گفتوگۆ لە نێوان ئامادەبووان و پانێڵستەکان کرا.

هەواڵی پەیوەندیدار

داهاتی “Kingdom of the Planet of the Apes” لە سینەماکاندا

ART

گرووپی سێڤنتین گرێبەستەکانیان لەگەڵ کۆمپانیاکەیان نوێ دەکەنەوە

ART

(Stranger Things) وەرزی کۆتایی لە سێ بەشدا بڵاودەبێتەوە

ART