ئەکتەری بەناوبانگی جیهانی و براوەی خەڵاتی ئۆسکار، ئەنتۆنی هۆپکینز، ماڵە گرانبەهاکەی لە ویلایەتی کالیفۆرنیا بە بڕی ٥.١ ملیۆن پاوەندی ئیستەرلینی (نزیکەی ٦.٤ ملیۆن دۆلار) بۆ فرۆشتن نمایش کرد، ئەمەش دوای ئەوەی لە سەرەتای ئەمساڵدا بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکانی لۆس ئەنجلسەوە زیانێکی زۆری بەرکەوت.
بەگوێرەی رۆژنامەی دەیلی میرەری بەریتانی، موڵکەکە لە دوو پارچە زەوی پێکهاتووە کە هۆپکینز لەنێوان ساڵانی ٢٠١٨ و ٢٠١٩دا بە بڕی ١٢.٦ ملیۆن دۆلار کڕیبووی، بەڵام ئاگرەکە زیانێکی گەورەی پێگەیاند.
ئاگرکەوتنەوەکانی مانگی کانوونی دووەمی رابردووی لۆس ئەنجلس، بووە هۆی گیانلەدەستدانی ١٠ کەس و ناچارکردنی هەزاران کەس بە چۆڵکردنی ماڵەکانیان. چەندین کەسایەتیی ناوداری دیکەش وەک پاریس هیلتن، بیلی کریستاڵ و ریکی لەیک زیانیان بەرکەوت.
ئەمە یەکەمجار نییە ماڵەکەی هۆپکینز رووبەڕووی مەترسیی ئاگر دەبێتەوە؛ لە ساڵی ٢٠١٨ ماڵەکەی لە مالیبو بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر لە ئاگرێکی گەورە رزگاری بوو، هەروەها لە ساڵی ٢٠٠٠ ئاگر لە نهۆمی دووەمی ماڵەکەیدا لە لەندەن کەوتەوە.

