ئەکتەری بەریتانی، ئیدریس ئێلبا، کۆتایی بەو دەنگۆیانە هێنا کە ماوەی چەندین ساڵە باس لە ئەگەری بەرجەستەکردنی رۆڵی سیخوڕی بەناوبانگ “جەیمس بۆند” دەکەن و بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە رایگەیاند، تەمەنی چیتر بۆ ئەو رۆڵە گونجاو نییە.
ئێلبا لە لێدوانێکی نوێدا گوتی: “باوەڕ ناکەم لە تەمەنی ٥٣ ساڵیدا هێشتا داوام لێبکرێت ئەم رۆڵە بگێڕم. کاتێک بەشداری لە فیلمێکی بۆنددا دەکەیت، دەبێت بۆ ماوەی دەیەیەک یان زیاتر پابەند بیت، هیچ کەسیش نایەوێت بۆندێک ببینێت کە لە ناوەڕاستی شەستەکانی تەمەنیدایە”.
پلاتفۆرمی ئەپڵ تیڤی پڵەس، وادەی نمایشکردنی وەرزی دووەمی زنجیرەی “Hijack”ی راگەیاند، کە ئێلبا رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕێت. وەرزی نوێ لە رۆژی چوارشەممە، ١٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ دەستپێدەکات و تاوەکو ٢٥ی شوباتی هەمان ساڵ بەردەوام دەبێت.
جەی هانت، بەڕێوەبەری داهێنەرانی ئەوروپای ئەپڵ تیڤی پڵەس، رایگەیاند: “بینەران لە سەرانسەری جیهان بە پەرۆشەوە سەیری نمایشە سەرنجڕاکێشەکەی ئیدریسیان دەکرد لە زنجیرەی “Hijack”، ئێمەش دڵخۆشین کە جارێکی دیکە لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای “60Forty” و “Idiotlamp” کاردەکەینەوە بۆ بەرهەمهێنانی وەرزێکی نوێ کە هیچی کەمتر نییە لە یەکەمی.”

