ئاریانا گرینبلات، ئەکتەری بەشی سێیەمی فیلمی “Now You See Me”، ئاشکرای کرد کە فێربوونی فێڵە جادووییەکان لە یانەی بەناوبانگی “The Magic Castle” لە لۆس ئەنجلس، باشترین بەشی رۆڵەکەی بووە.
ئەکتەرانی فیلمەکە بۆ ماوەی مانگێک لەو یانەیەدا راهێنانیان کردووە بۆ ئەوەی خۆیان بۆ رۆڵەکانیان ئامادە بکەن. گرینبلات دەڵێت: “پێش دەستپێکردنی وێنەگرتن، چەندین کاتژمێر لەوێ بووین و تا دەمانتوانی فێردەبووین. ئەزموونێکی زۆر خۆش بوو”.
فیلمە نوێیەکە لە دەرهێنانی روبن فڵایشەرە و کۆمەڵێک ئەکتەری بەشەکانی پێشوو وەک وودی هارلسن، جێسی ئایزنبێرگ و دەیڤ فرانکۆ تێیدا بەشدارن، لەگەڵ چەند دەموچاوێکی نوێدا.
چیرۆکی فیلمەکە باس لە “چوار سوارچاکەکە” دەکات کە دیسانەوە کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی سێ جادووگەری بەتوانا بهێننە ریزی خۆیانەوە و گەورەترین “ئەڵماسی شاهانە” لە دەستی باندێکی تاوانکاریدا بدزن.
دۆمینیک سێسا، یەکێکی دیکە لە ئەکتەرە نوێیەکان، گوتی: “زۆر شت فێربووین، بەتایبەتی فێڵی کارتەکان. ئاریانا کاری لەسەر دزیکردنی گیرفان دەکرد و بەردەوام هەوڵی دەدا من بکاتە ئامانجی راهێنانەکانی”.
دەرهێنەر و تیمەکەی جەختیان لەوە کردووەتەوە کە فێڵە جادووییەکان لەسەر شاشە بە شێوەیەکی واقیعی و باوەڕپێکراو دەربکەون.

