ئەمڕۆ دووشهممه، لە شاری هەولێر، پێشانگەیەکی تایبەتی شێوەکاری بۆ هونەرمەند هێلن عارف لەژێر ناونیشانی “رەنگەکانی هێلن” کرایەوە.
رێوڕەسمی کردنەوەی پێشانگەکە لە گەلەریی میدیا بە ئامادەبوونی و سەرپەرشتیی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بەڕێوەچوو.
فەرهەنگ غەفور، بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر، سەلیم قادر، جێگری بەڕێوەبەری گشتی و ئازاد لەشکری، بەڕێوەبەری بەشی هونەری شێوەکاری و ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەردۆستان و هونەرمەندان ئامادە بوون.
لە پێشانگەی “رەنگەکانی هێلن”ـدا، کۆمەڵێک تابلۆ و بەرهەمی هونەریی سەرنجڕاکێش نمایشکران.
بەرهەمەکان گوزارشت بوون لە دنیابینی تایبەتی هونەرمەند و رەنگدانەوەی بەهرە و دەستڕەنگینییەکەی، کە سەرنجی ئامادەبووانی بەلای خۆیدا راکێشا.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، وێڕای دەستخۆشی لە هونەرمەند هێلن عارف، ستایشی ئاستی هونەری و تواناکانی ناوبراوی کرد و هیوای خواست، ئەمە هەنگاوێک بێت بۆ بەردەوامی زیاتر لە کارە هونەرییەکانیدا و خزمەتکردن بە هونەری کوردی.

