نامق هەورامی، بەڕێوبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان و گوتەبێژی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان بە توێژینەوەیەکی بەراوردکاری لە بارەی مەلای جزیری و ئیبن عەرەبی، لە چوارەمین سیمپۆزیۆمی نێودەوڵەتیی “مەلای جزیری” بەشداریکرد.
ئێوارەی هەینی 28ی تشرینی دووەمی 2025 نامق هەورامی، وەک توێژەر، توێژینەوەکەی بە هەورامی و لە چوارچێوەی پانێلێکدا پێشکەش کرد.
دوای گفتوگۆی ئامادەبووان لە بارەی ناوەڕۆکی توێژینەوەکە، سەرۆکی زانکۆی شەرناخ، پێشنیازی کرد، توێژەر بۆ داهاتوو توێژینەوەی دیکە بە هەورامی پێشکەش بکات بۆ ئەوەی توێژەران ئاشنای زیاتری ئەو لقە گرنگەی زمانی کوردی بن.
سیمپۆزیەمی مەلای جزیری دوێنێ بە بەشداری دەیان توێژەر و ئەکادیمیست دەستیپێکرد و لە هەرێمی کوردستانیشەوە ژمارەیەک توێژەر و ڕۆشنبیری کورد بەشدارییان تێدا کردووە. پانێلەکان لە سێ هۆڵدا بەڕێوەدەچن و لە یەکەم ڕۆژی چالاکییەکاندا هەژدە پانێل بە بەشداری دەیان توێژەر بەڕێوەچوون.
مەلای جزیری، ناوی شێخ ئەحمەد کوڕی شێخ محەمەدە (1570-1640)، یەکێکە لە دیارترین شاعیرانی کلاسیکی کورد و دامەزرێنەری قوتابخانەی شیعریی کرمانجییە، جزیری لە جزیرەی بۆتان لەدایکبووە و هەر لەوێش کۆچی دوایی کردووە. وەک زانایانی سەردەمی خۆی، جگە لە زانستە ئایینییەکان، لە فەلسەفە، ئەستێرەناسی، کیمیا و پزیشکیشدا شارەزایی هەبووە و زمانەکانی کوردی، عەرەبی، فارسی و تورکی زانیوە.
مەلای جزیری پەیڕەوکارێکی تەسەوفی کوردی بووە و شیعرەکانی زۆربەیان لەسەر بابەتی عیرفانییە.
دیوانەکەی زیاتر لە 120 شیعری لەخۆگرتووە، کە زۆربەیان لەسەر شێوازی غەزەل و قەسیدەن. بەرهەمەکانی ئاوێتەیەکی قووڵی بیر و تێڕوانینی فەلسەفین و هەڵقوڵاوی دنیابینییەکی کوردیانەن بۆ ژیان.

