تیمۆسی بوسفیڵد، ئەکتەر و دەرهێنەری ئەمریکی و براوەی خەڵاتی “ئیمی”، خۆی ڕادەستی دەسەڵاتە ئەمنییەکانی ویلایەتی نیو مەکسیکۆ کرد، دوای ئەوەی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچوو.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکانی CNN، ئەم دەرهێنەرە تۆمەتبار کراوە بە گێچەڵی سێکسی و دەستدرێژیکردنە سەر منداڵێکی نەوجەوان لە کاتی کارکردنی وەک دەرهێنەر لە زنجیرەی تەلەفزیۆنی “The Cleaning Lady”.
لێکۆڵینەوەکان لە مانگی تشرینی دووەمی 2024 دەستیان پێکردووە، دوای ئەوەی پزیشکێک لە نەخۆشخانەی زانکۆی نیو مەکسیکۆ پۆلیسی ئاگادار کردووەتەوە.
لە سکاڵاکەدا هاتووە کە یەکێک لە منداڵەکان دووچاری دەست لێدانی نەشیاو بووەتەوە و برا دووانەکەشی ڕووبەڕووی بێزارکردن بووەتەوە. ڕاپۆرتە پزیشکییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە قوربانییەکە تووشی تێکچوونی دەروونی دوای شۆک و دڵەڕاوکێی توند بووە.
بوسفیڵد هەموو تۆمەتەکان ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت ئەمە هەوڵێکی دایکی منداڵەکانە بۆ تۆڵەکردنەوە دوای ئەوەی لە زنجیرەکە دوورخراونەتەوە. بوسفیڵد کە خاوەنی مێژوویەکی دەوڵەمەندە لە هۆلیوود و بە فیلمی “Field of Dreams” و زنجیرەی “The West Wing” ناسراوە، ئێستا ڕووبەڕووی مەترسییەکی گەورە بووەتەوە کە ڕەنگە کۆتایی بە کاروانی هونەری بهێنێت.

